کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگای ئەتۆمیزە

18:03 - 10 خەرمانان 2719

سندووس

لەوکاتەوە مرۆڤ هەستی بەوە کردووە کە لە تەنیشت مرۆڤەکانی تردا هەست بە ئاسوودەیی دەکا و بەبێ ترس و خۆفی سروشتی، کۆمەڵایەتی و هتد دەتوانێ ژیانێکی شیاوتر بۆ خۆی بڕەخسێنێ، شێوە ژیانی کۆمەڵایەتیی هەڵبژاردووە و بە خاترجەمی هەم کاری کردووە و هەمیش لە بەر و بوومی تێکۆشانی ئەوانی تر کەڵکی وەرگرتووە و لە کاتی حەسانەوەشدا، لە ترس و خۆفدا نەماوەتەوە، بەڵام لە زۆر قۆناغی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ئەم شێوە ژیانە نەک هەر گرێیەکی بۆ نەکردووەتەوە بگرە کارەساتی قورسی فرەڕەهەندیشی بۆ خولقاندووە، لەو کۆمەڵگایانەی نیزامی کۆیلایەتیی تێدا حاکم بووە، مرۆڤ کۆیلەی چینێک بووە کە هێز و توانای بەسەریاندا نەشکاوە و یان هەر لە بواری فکری و پەروەردەییەوە ئەم شێوە ژیانەی بە باشترین ژیان قەبڵاندووە. لە کۆمەڵگا فیئوداڵی و سەرمایەدارییە سەرەتاییەکانیشدا دۆخەکە هەروا چووەتە پێش - دیارە بەپێی هەلومەرج - و مرۆڤ زۆر جار حەزی کردووە تاک و تەنیا و لەگەڵ بنەماڵەکەی لە شوێنێکی دوورەپەرێز بژی، تا نەکا سێبەری نگریسی بەیەکەوە ژیان، ژیانی بهاڵۆزکێنێ و جەهەننەمی بۆ بسازێنێ.

ئەو هەموو ڕمبازێن و تەڕاتێنەی زۆردار و مڵهوڕ و بەکرێگیراوەکانیان بە درێژایی مێژوو سەبارەت بە خاک و وڵات و نیشتمانی ئەوانی تر ئەنجامیان داوە، ڕەنگە مشتێ لە هەشتێ بێ لەو هەموو ئازارەی کۆمەڵگا، لەژێر سێبەری ژیانی کۆمەڵایەتیدا، وەکوو مەتاع بەسەریدا قاڵکردوونەتەوە.

بەڵام لە سەرەتاکانی سەدەی بیست، جۆرە سیستمێکی دەسەڵات سەری هەڵدا کە هەر تەنیا وڵات و نیشتمانی گەلانی تریان داگیر و وێران نەدەکرد، بگرە لە دەروونەوە مرۆڤیان دەڕووخاند و لە هەستی مرۆڤدۆستی بە تەواوی دایاندەماڵی و دواجار بە شێوەی ویستی خۆیان دایاندەڕشتەوە، یەکێک لەم جۆرە سیستمانە کە ئاوا هەم وڵات و هەم مرۆڤیان دادەڕووخاند، سیستمە توتالیتێرەکان بوون کە جیاوازیی زۆریان لەگەڵ حکوومەتە داگیرکەر و زۆردارەکانی سەردەمانی پێشوو هەبوو.

یەکێک لەو چەندین تایبەتمەندییە هەرەخراپەی کە سیستمە توتالیتێرەکان، مرۆڤی تێدەخن و دواجار لە هەستی مرۆڤ و مرۆڤدۆستی بەتەواوی بەتاڵیان دەکەن و کۆمەڵگای بێ خاسییەتی پێدادەڕێژنەوە، کۆمەڵگای ئەتۆمیزەیە.

کۆمەڵگای ئەتۆمیزە، کۆمەڵگایەکە کە لەودا هیچ کەڵکەڵەیەک سەبارەت بەوی تر بوونی نییە، تەنانەت سەبارەت بە چارەنووسی هاوبەشیش مرۆڤ بێلایەن دەبێ و هەست بە لێپرسراوییەتی ناکات و بە هەر شێوەیەک بێ هەر بۆ لای خۆی ڕاکێش دەکا و ویژدانی ڕەوشتی یان سۆزی مرۆڤدۆستانە لە تاکەکاندا نابینرێ تا ببێتە هۆی توندکردنی هەوسار و جڵەوی بەرژەوەندیخوازیی خۆتەور.

لەوەها کۆمەڵگایەکدا شتێک بەناوی مافی بنەڕەتی هەر بوونی نییە، وابزانە کۆمەڵگا گەڕاوەتەوە بۆ دۆخی سروشتی بە مانا "هابز"ییەکەی کە لەودا مرۆڤ گورگی مرۆڤە!

کاتێ باسی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگای ئەتۆمیزە دەکەین مەبەست ڕۆحی زاڵ بەسەریدایە، دەنا ڕەنگە بە شێوەی تاکوتەرا و لێرە و لەوێ هەندێک مرۆڤ بوونیان هەبێ کە لەم تایبەتمەندییانە بەری بن. ئەوەی مەبەستی باسەکەی ئێمەیە هێژموونیی زاڵ بەسەر ڕۆحی کۆمەڵگادایە کە تەواو ئەتۆمیزەیە و مرۆڤەکانیشی نادەروەستن.

کۆمەڵگایەک کە خاوەنی فرەحیزبی و بە فەرمی ناسینی دەنگە جیاجیاکان نەبێ و بناغەی مەرعریفەتناسی تەنیا لەسەر سیستمێکی فکریی کۆنەپەرەستانە دامەزرابێ، ئیرادەی تاکەکان دەخەسێنێ و وەها کۆمەڵگایەک، ڕێگا خۆش دەکا کە مرۆڤەکانی ئەتۆمیزە بن.

ڕێژیمی ئیسلامی چل ساڵە بە بەهانەی جۆراوجۆر هەموو دەنگێکی جیاوازی کپ کردووە و بە هیچ شێوەیەک ئیزنی نەداوە حیزبێکی سیاسیی ڕەسەن تێکۆشانی هەبێ، هەر بۆیە سەرمایەی کومەڵایەتی بە تەواوی لە کزی داوە و تاک لە کۆمەڵگای ئێمەدا بە تەنیشت گەورەترین کارەساتەکاندا تێدەپەڕێ و شان هەڵدەتەکێنێ و دەڵێ بە من چی!

بە من چی گەورەترین کیشە و گرفتی مرۆڤی سەردەمە و ئەودیوی ماناکەی یانێ ئازادیم ناوێ. کۆمەڵگای ئازاد، کومەڵگایەکە کە مرۆڤەکان لە بچووکترین پرسەکانەوە بگرە تا دەگاتە گەورەترینیان خۆیانی لێ بە بەرپرسیار دەزانن و ڕەوشتی بەرزی ئینسانی تێدایە و ڕۆحییەیەکی یەکگرتووی هەیە، کۆمەڵگا و مرۆڤەکانی ئەتۆمیزە نین و لە هەمبەر گرفتەکانیشدا شان هەڵناتەکێنن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.