کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی، ڕێژیمێکی بێ پشتیوان و بێ هاوپەیمان

16:47 - 12 رەزبەر 2721

جاقل

جیهان بە خێراییەکی سەیر بەرەو ئاڵوگۆڕی سیاسی هەنگاو دەنێ. ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەگەر ناوەندی ئەم ئاڵوگۆڕانەش نەبێ بێگومان یەکێک لەو ناوچانەیە کە لە ئێستادا جەمسەرەکانی هێزی لە جیهاندا بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە.

 لەم ناوچەدا هێز هەمان مانای نییە کە پسپۆڕانی سیاسی و زانستی لە سەری ساغ بوونەتەوە. هێز لە وڵاتانی پێشکەوتوودا دەتوانێ بە هەبوونی هەندێ کەرەستە پێناسە بکرێ کە لەگەڵ ئەوەیکە وڵاتێک بێدەنگ و بەردەوام هەوڵ دەدات کە هێژمۆنی سیاسی و نیزامی و ئابووری و کلتووری خۆی بەسەر شوێن و خەڵکە جیاوازەکاندا زاڵ بکات لە هەمانحاڵدا پشتیوانی زۆربەی زۆری خەڵکی وڵاتی خۆی لەگەڵدایە و تەواوی ئەم سیاسەتکردنە بە مەبەستی بەهێزبوونی زیاتر، دەخرێتە خزمەت ژیان و تەناهی و پێشکەوتنی زیاتری خەڵکی ئەو وڵاتەوە.

لەم جۆرە لە هێزمەندیدا و لە پەیوەندی خەڵک و دەسەڵاتدا، ئیتر ئەوە تەنیا دەسەڵات نییە کە تاکلایەنانە هەوڵی بەهێزبوونی زیاتر بدات بەڵکوو خەڵکیش وەک چاوەدێر و ئەکتەر و بکەرێکی بەتوانا و لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە لە مەیداندا بوونیان هەیە. خەڵکی ئەو وڵاتانە هەر کات هەست پێبکەن پێگەی وڵاتەکەیان لە ئاستی جیهانیدا لاواز بووە، دەنگ بە کەسانێک دەدەن کە لە توانایاندا هەبێ وڵات بەرەو بەهێزی زیاتر ببەن.

بەپێچەوانەی ئەو بنەما باو یان ناسراوانە کە بەردەوام لە میدیاکانی جیهاندا بەنیسبەت مافی مرۆڤ و چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە نێوان دەسەڵات و خەڵکدا باسی لێوە دەکرێ. وڵاتانی پێشکەوتوو هەتا ئەو شوێنە بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان ئیزنیان پێبدات، بەو بنەما ئێعلانیانە پابەند دەبن. لێرەدایە کە بەرژەوەندی و هێز لە سەر یەک کورسی دادەنیشن و لەڕاستیدا ئەوە بەرژەوەندییە کە دەبێتە دینامیکی بەهێزبوون و ئەوە هێزە کە لە پانتاییەکی بەرفراوانتردا پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی وڵات و نەتەوە دەکات.

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە کردەوەدا لەم جۆرە بیرکردنەوە بۆ بەهێزی دورە و لە مەیدانی کردەوەشدا هێز لەم ناوچەیە چەندین جیاوازی بنەڕەتی لەگەڵ وڵاتانی پێشکەوتوو هەیە:

یەکەم: لە زۆربەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شێوەیەک لە بەرهەمهێنان بونی نییە کە بتوانێ ئابووری ئەو وڵاتانە بکات بە کۆڵەکەیەک لە کۆڵەکەکانی هێز.

دووهەم: لەم وڵاتانەدا بەهێزبوون بۆ پاراستنی دەسەڵات پێناسە دەکرێ نەک داهاتووی ژیانی باش بۆ خەڵک و سەروەری وڵات.

سێهەم: لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا هێز بۆ پاراستنی دەسەڵاتی شەخس یان ئیدئۆلۆژییە کەچی لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، هێز پارێزەری یاسا و چوارچێوەی وڵات و کەرامەتی ئینسانەکانە.

لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخوندەکاندا هێز و ئەخلاق و داهاتووی گەشی ئینسانەکان سێ چەمکی بە تەواوی جیاواز لە یەکترن، لەحاڵێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ئەم چەمکانە لانیکەم لە نێوخۆی وڵاتەکانیاندا دەبنە گرێدراوی یەکتری بۆ پاراستنی ژیان و کەرامەتی ئینسانەکانی ئەو وڵاتانە .

کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لەو حکومەت و وڵاتانەیە کە لە شێوە ڕوانینیدا بۆ بەهێزبوون هەندێ پێوەری تایبەت بە خۆی هەیە. ڕێژیم بەپێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتوو هێز وەک ئامێرێک بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتی ئیدئۆلۆژیکی خۆی بەکار دێنێ. هەروەها توانا و پۆتانسیەلە ماددی و کەلتوری و ژینگەیی و نیزامییەکانی بۆ چاوترسێن‌کردن و لاوازکردنی وڵاتانی ناوچە بەکار دەهێنێت.

ڕێژیم هیچ کات نەیتوانیوە ئەو سەرچاوانە بکات بە هێزێک کە خەڵکی ناوخۆی وڵات لە بەروبوومیان بحەسێنەوە و هەست بە تەناهی بکەن بەڵکوو ئەوە خەڵک و ژینگەی جوغڕافیای ئێران بە هەموو سەرچاوە و کانگاکانیەوەیە کە باجی ئەو جۆرە بیرکردنەوەیان داوە و هەمووی ئەم زەرفیەتانە لە پێناو مانەوەی ڕێژیمی ئاخوندیدا بەفیڕۆ دراون.

هەر بەم بۆنەوە سەرانەی داهاتی خەڵک لە ساڵدا بە نیسبەت هەموو جیهانەوە بەردەوام دادەبەزێ و خەڵکانێکی زیاتر دەبنە ناڕازی و دژبەری ڕێژیم. ڕێژەی بەشداری کەمی خەڵک لە دانانی ڕەئیسیدا باشترین پێوەرە بۆ دروستی ئەم هەڵسەنگاندنە. هەر ئەمەش وای کردووە کە ڕێژیم لە پشتیوانی خەڵک لە ناوخۆدا بێ نەسیب بێ. لە جیهانی پڕ لە چاوکراوەیی میدیا و تێکنۆلۆژیدا نەتەوەکانی ئێران کاتێک ژیان و گوزەرانی وڵاتانی پێشکەوتوو دەبینن چیدی پشتگیری حکومەتی تاران ناکەن. حکومەت تەنانەت لە خەڵکانی مووچەخۆری خۆیشی دڵنیا نییە و زۆر باش دەزانێ کە ئەوانیش بە ڕێژەیەکی کەم و تەنیا لە بەر داهاتی ماددی جارجار ئاوڕی لێدەدەنەوە.

لە ئاستی جیهانیدا هیچ وڵاتێکی زلهێز لەگەڵ ڕێژیمی تێرۆریستی تاراندا هاوپەیمان یان دۆست نییە و تەنانەت هاتوچۆی ئێران لەلایەن وڵاتانی پێشکەوتووەوە لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و ئەوان ئێران بە یەکێک لە مۆرەکانی خۆیان دەزانن نەک هاوپەیمان.

لە ناوچەدا ڕێژیمی بەعسی سووریه تەنیا هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوو کە ئەویش چەندین ساڵە گیرۆدەی شەڕ و بە یارمەتی ماڵی ئێران و لەبەر بەرژەوەندی چەند زلهێزێک توانیویەتی هەتا ئێستا بمێنێتەوە. هاوپەیمانەکانی ئێران ملیشیا چەکدارە تیرۆریستییەکانن لە ناوچەکەدا کە ئەوانیش بە چەک و یارمەتی ماڵی ئێران خۆیان لە سەر پێ ڕاگرتووە. ئێران لەنێوخۆدا لە گەورەترین هێز کە هێزی پشتیوانی خەڵکی خۆیەتی بێ بەهرەیە و لە ئاستی جیهان و ناوچەشدا بێ دۆست و هاوپەیمانە هەر ئەمەش وایکردووە حکومەتی تاران جوڵە سیاسییەکانی پڕ لە فۆبیا و دڵەڕاوکێ بێت چونکە لە ئەگەری هەر هەڵەیەکدا هیچ دیوارێکی قاییم نییە کە پاڵی پێوە بدات .

پەیمانی ئیبراهیم و کرانەوەی دەرگای وڵاتانی عەرەبی بە ڕووی وڵاتی ئیسڕائیلدا و تەنانەت دەنگۆی ئەم ڕەوتە دڵخۆشکەرە لە وڵاتی عێراقدا و لەلایەکی دیکەوە هاوپەیمانی تورکیا و پاکستان و ئازەربایجان و هەروەها دەسبەسەرداگرتنی وڵاتی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە دەرخەری ئەو کەتوارە ڕاستەن کە ڕێژیمی ئاخوندی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر لە ئاستی نێوخۆیی و دەرەکیدا تەریکتر دەکەوێتەوە و هێرشکردن بە مووشەک و دڕۆن بۆ سەر خاکی کوردستان لە لایەن تارانەوە نیشانەکانی ئەم بێ هێزی و تەریک کەوتنەوەن.

دڕۆن و مووشەکی بالستیک دوای چەکی ناوکی دوایین کارتەکانی ڕێژیمی تارانن کە بە دژی کورد بەکاری دێنێ هەتا بە وڵاتانی جیهان و ناوچە بڵێ من بەهێزم! لەحاڵێکدا کە ڕێژیم بەرانبەر بە وڵاتانی ناوچەیی کە بە دەیان جار گورزی سەربازیان پێگەیاندوە توانای شەڕی نییە و دەستپێکردنی هەر شەڕێک لەگەڵ وڵاتێکی دیکەدا بە کۆتاییهاتنی دەسەڵاتەکەی خۆی دەزانێ چونکە نە پشتیوانی ناوخۆیی هەیە و نە هیچ وڵاتێکی دەرەکیش دۆست و هاوپەیمانیەتی .

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.