کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی لە لێواری یاسا و بێ یاساییدا

17:22 - 11 جۆزەردان 2719

سندووس

"ژیانی ڕووت" ناوی ئەو چەمکەیە کە جۆرجیۆ ئاگامبێن لە سەردەمی مۆدێڕندا بۆ ئەو جۆرە ژیانەی کە لەژێر سایەی سیستمە توتالیتێرەکان و بۆ درز و بۆشایی خستنە ناو ئەو بابەتەی "فۆکۆ" بە "زیست - سیاسەت" پێناسەی کردووە و لای وابووە کە سەرچاوەی تەواویی بڕیارە سیاسییەکانی وەک گوتاری بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا، دەبێ هەر ژینگەی مرۆڤ بێ، بەکاری بردووە.

ئاگامبێن لەژێر کاریگەرێتی "کاڕڵ ئیشمیت"دا باسی دۆخێک دەکا کە بۆشاییەکی گەورە لە نێوان سیاسەت و ژیندا دێتە ئاراوە و دواجار سیاسەتی داسەپاو بڕست لە هەموو شتەکان دەبڕێ و بە هێنانە ئارای "دۆخی ئاوارتە" مرۆڤەکان دەکاتە "هۆمۆساکێر" ی سەردەم.

هۆمۆساکێر مرۆڤگەلێک بوون لە "ڕۆم" ی کەونارادا دەژیان و یاسا سەبارەت بەوان لە لێواریی بەڕێوەبردن و ڕاوەستاندا بوو. بڕیاریی یاسایی ئەوە بوو کە ئەوان وەک "مرۆڤی پاک" سەیر نەکرێن و گەر کەسێک بیانکوژێ، وەک بکوژ نەیەتە ئەژمار، ئاگامبێن دەڵێ ئەم جۆرە یاسایە مرۆڤەکان لە نێو خۆیدا "تێکەڵاو" دەکات و ئەوان لەژێر چاوەدێری یاسادا دەژین، بەڵام یاسا بێلایەنیی خۆی سەبارەت بە کوژرانیان ڕادەگەیەنێ و خۆیانی لێ بە بەرپرسیار نازانێ.

ئەو دۆخە ئاوارتەیەی ڕۆمی کەونارا کە ئاگامبێن باسی لێوەدەکات، ژیانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وشکاندووە و سەر لە بەری ناوچەکە بووە بە ئۆردووگایەک بۆ کۆمەڵانی خەڵک و کلیلی دەرگای ئەم ئۆردووگایەش لە دەستی سیاسەتمەدارانی فاسد و بۆگەندایە.

لە ئێران بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، چل ساڵە کۆماریی ئیسلامیی دۆخی ئاوارتە بەرهەم دێنێتەوە و کۆمەڵگای لە لێواریی یاسا و بێ یاساییدا ڕاگرتووە. دەکرێ بڵێین سەر لە بەری ڕێساکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای هەڵوەشاندووەتەوە و لە لایەک یاسا بۆ هۆمۆساکێرەکان کە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگا پێکدێنن هەیە و بە گشتی هەمووی لە ناو ئۆردووگای سوبژێکتویتەی بۆگەن و هەستی ناسینی کۆنەپەرستانەی خۆیدا سڕکردوون، بەڵام یاسا بۆ دایرەی "خودی"یەکان بە تەواوی ڕادەوەستێ کە بە سەدان میلیارد دۆلار لە سەروەت و سامانیی گەلانی ئێران ڕەوانەی بانکەکانی ئامریکا و ئەورووپا دەکەن.

شتێکی گاڵتەجاڕانە دێتە بەرچاو کە بابایەک لە پارێزگای مەشهەد تەنیا لەسەر دزینی مەڕێک دەستی دەپەڕێنن و ئالێرەدا یاسا بە خەستی بوونی هەیە و کاری پێدەکرێ، بەڵام بۆ عەلی ئەنساریی پەیوەست بە بەیتی ڕێبەری و موجتەبا خامنەیی کە ۱٤۰ هەزار میلیارد تمەنی بێسەروشوێن کردووە، یاسا بە تەواویی ڕادەوەستی. یان "مەرجان شیخ الاسلام آل آقا" و ئەوانەی بۆ دەورلێدانی گەمارۆکان زیاتر لە سێ میلیارد دۆلار دزی دەکەن و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن یاسایەک بوونی نییە.

تەنیا ڕێگەی هاتنەدەر لەم دۆزەخە ئاوارتەیەی درووستکراوە، ئەوەیە کە سەرلەبەری ئەم سیستمە گەندەڵ و لێوڕێژ لە فەسادە تێکەوەپێچرێ و یاسایەکی تەواو ئینسانیی بۆ بەختەوەریی هەموو تاکەکانیی کۆمەڵگا دابڕێژرێتەوە.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.