کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازەکانی ئامریکا داوای گەمارۆدانان لەسەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران دەکەن

18:36 - 24 جۆزەردان 2720

کۆماریخوازەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە گەڵاڵەی نوێی خۆیان بۆ کۆنگرەی ئامریکا داوای دانانی یاسایەکیان لە کۆنگرەی ئامریکا کردووە کە بەهۆیەوە گەمارۆ بخرێتە سەر دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران.

لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە "تووبی دێر شۆیتز" و "تالیا کێتز" لە بونیادی داکۆکی لە دێموکراسییەکان ئەنجامی داوە، نیشان دەدات کە دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران جگە لە بڵاوکردنەوەی زانیارییی درۆ و چەواشە و پڕوپاگاندای ڕێژیم، بەردەوام دانپێدانانی زۆرەملێی زیندانییانی سیاسی کە قوربانیی ئەشکەنجە بوونە، بڵاو دەکاتەوە.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم ناوەندێکی حکوومەتییە لە ئێران کە تەواوی ڕاگەیاندن و میدیاکانی لەژێر دەستدایە و لە ژێرکۆگاکانی ڕێبەریی ڕێژیمی ئێرانە.

لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەدا لە ئێران ئەو ڕاگەیاندنانە بوون بە باڵی سەرکوتی ڕێژیمی ئێران.

دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران بوو بە سەکۆیەک بۆ کاربەدەستانی ڕێژیم تا هەڕەشە لە خەڵک بکەن و لەلایەکی دیکەشەوە دانپێدانانی زۆرەملێی دەسبەسەرکراوانی بڵاو دەکردەوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی جۆزەردان، کۆمیتەی توێژینەوەیی کۆماریخوازەکان کە گەورەترین کۆمیتەی پارلمانیی کۆنسێرڤاتیڤ لە مەجلیسی نوێنەرانی ئامریکادایە، گەڵاڵەیەکیان خستە ڕوو لەژیر ناوی "ستراتێژیی تەناهیی نەتەوەیی کۆمیتەی توێژینەوەیی کۆماریخوازان؛ بەتواناکردنی ئامریکا و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەل هەڕەشە جیهانیییەکان"، کە ئەو گەڵاڵەیە پێشنیار دەکات کە توندترین و بێوێنەترین گەمارۆکان لەلایەن ئامریکاوە لەسەر ئێران دابنرێت.