کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماریخوازەکانی ئامریکا گوشاریان بۆ سەرکۆماری ئەو وڵاتە هێناوە تاکوو لەگەڵ ڕێژیمی ئێران دانوستان نەکات

11:47 - 15 خەزەڵوەر 2721

بەپێی نامەیەک کە ڕۆژی پێنجشەممە بۆ کۆشکی سپی نێردراوە، کۆماریخوازەکانی کۆنگرەی ئامریکا بەهۆی هێرشی دڕۆنیی ملیشیاکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هێزەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە بنکەی "ئەلتەنەف"، گوشاریان بۆ "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئەو وڵاتە هێناوە تاکوو لە ڕێگەی دانوستان کێشەکانی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران چارەسەر نەکات. 

دوو حەوتووی ڕابردوو لە سووریە هێرش کرایە سەر بنکەی ئەلتەنەف و لە دوای ئەو هێرشە "بیل ئەربن" وتەبێژی ڕێکخراوی دژە تێرۆریستیی سێنتکام لە بەیانییەیەکدا وتبووی کە ئەو هێرشە بەئەنقەست و هاودەنگی ئەنجام دراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "واشنتۆن فری بیکن" ١٧ ئەندامی کۆماریخوازی کۆنگرەی ئامریکا بە ڕێبەریی "برایان ئیستیل" نوێنەری کۆماریخوازی ویلایەتی "ویسکانسین"، دەوڵەتی "بایدنـ"ـیان بەوە تاوانبار کردووە کە هێرش و هەڕەشە دوژمنکارانەکەی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە مەبەستی ڕێککەوتنی بەرجام لەبەرچاو ناگرێت.

لەو نامەیەدا هاتووە: "سەرکۆماری ئامریکا لە کاتێکدا دەیەوێت لەگەڵ گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم واتە ڕێژیمی ئێران دانوستان بکات کە ململانێکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پەرە دەستێنن، هەروەها هێرشیش دەکاتە سەر هێزەکانمان، ئەو هەوڵە پەیامێکی مەترسیدار بۆ هاوڕێیان و دوژمنەکانمان بەڕێ دەکات".