کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای "بیمەی موونیخ ڕێ" چالاکییەکانی خۆی لە ئێران ڕاگرت

17:06 - 8 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای بیمەی مونیخ ڕێ که لە گەڵ بیمەی سامان لە سێ بەشدا گرێبەستی واژۆ کردبوو، چالاکییەکانی خۆی لە وڵاتی ئێراندا ڕاگرت.

هەواڵدەریی ئاڵمان لە هەواڵێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەم کۆمپانیایە، کە یەکێک لە گەورەترین کۆمپانیاکانی بیمە لە جیهانه، ڕایگەیاندووە به هۆی گەمارۆکانی ئامریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، چالاکییەکانی خۆی لە ئێراندا رادەگرێت.

شەوی سێشەممە، ٦ی سەرماوەزی ٩٧ی هەتاوی، "یووئاخیم وێنینگ"، بەرپرسی ئەم کۆمپانیایە لە موونیخدا وتبووی: ئەم کۆمپانیایە بە تەمایە ئێران بەجێ بهێڵێت.

ناوبراو هۆکاری هاتنەدەرەوەی خۆی لە ئێران و ڕاگرتنی چالاکییەکانی بۆ گەمارۆکانی ئامریکا گەڕاندووەتەوە و وتوویەتی: لە ئەگەری درێژەدان به چالاکییەکان لە ئێراندا، زیاتر لەو قازانجەی کە لە ئێران دەستیان دەکەوێت، تووشی زەرەر لە لایەن ئامریکاوە دەبن.

ئەم کۆمپانیایە هەروەها لە ماڵپەڕی ئینتێرنێتیی خۆیدا بەشێکی بۆ دۆخی ئابووریی ئێران پاش خولی دووهەمی گەمارۆکانی ئامریکا تەرخان کردووە و نووسیویەتی: که ئابووریی ئێران به هۆی دەستپێڕانەگەیشتن به سووئیفت تووشی کیشە و گرفتی زۆر بووە.

نووسینگەی ناوەندیی ئەم کۆمپانیایە لە شاری موونیخدایە؛ ئەم کۆمپانیایە پاش رێککەوتننامەی بەرجام گرێبەستێکی لە گەڵ کۆمپانیای بیمەی سامان واژۆ کردبوو.

پاش هاتنەدەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، ژمارەیەکی بەرچاو لە کۆمپانییە ئورووپاییەکان بۆ پێشگرتن له تەحریمەکانی ئامریکا بەرانبەر بە خۆیان، پێوەندی و چالاکییەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرت.