کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای سۆزۆکی ئێرانی بەجێ هێشت

11:21 - 24 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە دوای کشانەوەی کۆمپانیاکان لە ئێراندا بە هۆی گەمارۆوە ئابوورییەکانی ئامریکا، کۆمپانیای سۆزۆکیش لە ئێراندا نامێنێتەوە.

کۆمپانیای ماشینسازیی ڕێژیمی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا، بە نوێنەرانی کڕین و فرۆشتنی خۆی ڕاگەیاندووە، کە ئەو کۆمپانیایە توانای دابینکردنی کەرەستەی ماشینی سۆزۆکی نییە.

"ایران خودرو"، کۆمپانیای ماشینسازیی ڕێژیم، بە فەرمی ڕاگەیاندووە، ئیتر ناتوانێت ماشینی "ویتارا" ڕەوانەی بازاڕ بکات.

کشانەوەی سۆزۆکی لە ئێراندا لە کاتێکدایە، کە جێگری کاروباری پیشەییی وەزارەتی پیشە، کانزا و بازرگانی باسی لەوە کردووە کۆمپانیای "ڕێنۆ" دەگەڕێتەوه.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، کۆمپانیای ماشینسازیی ڕێنۆی فەڕانسە، لە نوێترین ئاماری خۆیدا بڵاوی کردووە، ئەو کۆمپانیایە بۆ پێڕەوی لە سزا ئابوورییەکانی ئامریکا بەدژی ڕێژیمی ئێران، بەرهەمەکانی خۆی بە ئێران نافرۆشێت و سەرجەم ئاستی فرۆشی بەرهەمەکانی خۆی بە ئێران ڕاگرتووە.

پاش دەستپێکردنەوە و توندتربوونەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیا دەرەکییەکان بەتایبەت کۆمپانیا ئوروپایییەکان لە کشانەوە لە ئێراندا بەردەوامن و هەتا ئێستا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیای ئورووپایی لە ئێران کشاونەتەوه.

دوای کشانەوە ئامریکا لە بەرجام، زۆرینەی وڵاتان پەیوەندیی ئابوورییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران ڕاگرتووە و تەنانەت وڵاتە ئورووپایییەکان کە بە بەرجام پێبەندن، لە دوای هەڕەشەی ئامریکا لە بانکەکان و کۆمپانیا ئورووپایییەکان لە پێوەندی لەگەڵ هاوکاریی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، گرێبەستەکانی خۆیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەڵدەوەشێنن.