کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای میللیی نەوتی چین، لە پارسی جنووبی دەچێتە دەرەوە

23:55 - 23 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: پاش گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، کۆمپانیای فەڕانسەیی "تووتاڵ" لە ئێران چوووە دەرەوە و چینییەکانیش تاکوو ئێستە سەبارەت به پەرەپێدان بە فازی ١١ی پارسی جنووبی وڵامێکیان بە ڕێژیم نەداوەتەوە.

بەپێی هەواڵی بڵاوکراو لە هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا، چوار مانگ پاش چوونەدەرەوەی تووتاڵ لە ئێراندا، کۆمپانیای نەوتی میللیی چین، هێشتا وڵامی نامەکانی ئێرانی سەبارەت به پەرەپێدان بە فازی ١١ی پارسی جنووبی نەداوەتەوە.

تووتاڵی فەڕانسه، هاوینی ئەمساڵ پاش وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، لە ئێران ڕۆێشتووەتە دەرەوە، بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران پاش چوونەدەرەوەی تووتاڵ ڕایانگەیاند، که پرۆژەی پەرەپێدان بە فازی ١١ی پارسی جنووبی ڕادەستی هەیئەتێکی پێکهاتوو لە کۆمپانیای ئێرانیی پێترۆ پارس، کۆمپانیای میللیی نەوتی ئێران و کۆمپانیای میللیی نەوتی چین دەکرێت.

کۆمپانیای تووتاڵ و کۆمپانیای میللیی نەوتی ئێران، لە ڕێککەوتنێکی هاوبەشدا، کۆمپانیای نەوتی چینیان وەکوو جێگرەوەی تووتاڵ دیاری کرد، بەڵام بەم حاڵەشەوە تاکوو ئێستا ئەم کۆمپانیا چینییە هیچ کارێکی بۆ ئەم پرۆژەیە نەکردووە.

بیژەن زەنگەنە وەزیری نەوتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بێدەنگیی ئەم کۆمپانیا چینییەی به سەرپێچی زانیوە و وتوویەتی: لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم حاڵەتەدا بە دژی کۆمپانیاکە سكاڵا تۆمار دەکەن.

هەرچەند کۆمپانیای نەوتی چین، بە فەرمی ئەم شتەی ڕانەگەیاندووە، بەڵام بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەم کۆمپانیایه بەتەواوەتی ئێران بەجێ بهێڵێت.

محەممەد مێشکین فام، بەرپرسی کۆمپانیای نەوت و گازی پارسیش هەواڵی درەنگکردنی ئەم کۆمپانیا چینییەی پشتڕاست کردووە، کە ئەمەش دەتوانێت دانپێدانان به چوونەدەرەوەی یەکجاریی کۆمپانیای نەوتی چین لە ئێران بێت.