کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیای گووگڵ هەژماری دوو تەلەفزیۆنی ڕێژیمی ئێرانی داخست

11:45 - 31 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیای گووگڵ جیمەیل و کاناڵی یوتیووبی تەلەفزیۆنەکانی پرێس تیڤی و هیسپان تیڤیی ڕێژیمی ئێرانی داخست.

پاش ئەوەی کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئینستاگرام، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لاپەڕەی فەرمیی فەرماندە تێرۆریستییەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و ڕێبەر و کۆمەڵێکی تر لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانی داخست، کۆمپانیای گووگڵیش جیمەیل و کاناڵی یوتیووبی دوو تەلەفزیۆنی ماهوارەیی ئەو ڕێژیمەی داخست.

ڕۆژی هەینی، ۳۰ی خاکەلێوە، سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی خودی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاند، کۆمپانیای گووگڵ، بەبێ هیچ ئاگادارگردنەوەیەکی پێشوەختە، کاناڵی یوتیووبی پرێس تیڤی و جیمەیل و کاناڵی یوتیووبی هیسپان تیڤی داخستووە، کە دوو تەلەفزیۆنی ئینگلیزی و ئیسپانیایی زمانی ڕێژیمی ئێرانن و سەربە ناوەندی دەنگوڕەنگی ئەو ڕێژیمەن.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کۆمپانیای گووگڵ، بە هۆکاری پێشێلکردنی سیاسەتەکانی ئەو کۆمپانیایە و نەپاراستنی یاسا و ڕێساکانی گووگڵ لە لایەن ئەو دوو تەلەفزیۆنەی ڕێژیمەوە، جیمەیل و کاناڵی یوتیووبی ئەو تەلەفزیۆنانەی ڕێژیمی ئێرانی داخستووە، کە وەکوو مینبەرێک بۆ چەواشەکارییەکانی خۆی ڕووبە کۆمەڵگای دەرەوەی ئێران بەکاری دەهێنان.

هەر لەم پەیوەندییەدا، کۆمپانیای گووگڵ لە مانگی خەرمانانی ساڵی ڕابردوودا ڕایگەیاند، بە هۆکاری چەواشەکاری و پڕۆپاگەندەکردن بۆ ڕێژیمی ئێران و هەبوونی پێوەندی نهێنی لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا، کۆمەڵێک کاناڵی یوتیووب و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تری سەربەو کۆمپانیایە داخستووە.

سەرەڕای ئەوەی کە، ئەگەری زۆری هەیە کۆمپانیای گووگڵ، بە مەبەستی پاڵپشتی لە بڕیاری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بۆ خستنە نێو لیستی ڕەشی تێرۆریستی سپای پاسدارانەوە، هەژمارەکانی ئەو تەلەفزیۆنانەی ڕێژیمی ئێرانی داخستبێت، لەم بارەوە پرێس تیڤیی ڕێژیم ڕایگەیاندووە، داخستنی هەژماری تەلەفزیۆنەکانی ئێران لە لایەن کۆمپانیای گووگڵەوە لە ڕاستای سیاسەتەکانی حکوومەتی ئامریکا دژبە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووە.

پاش ئەوەی کە ڕۆژی دووشەممە، ۲۶ی خاکەلێوە، دانڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند و لە نێو لیستی ڕەشی تێرۆریستی خست، چەند وڵات و کۆمپانیای ئورووپایی و ئامریکایی، بە کاردانەوەی جۆراوجۆر پێشوازی و پاڵپشتییان لەو بڕیارەی دانڵد ترامپ کرد.