کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیایەکی تری ڕێژیمی ئێران خرایە لیستی گەمارۆکانی ئامریکا

12:18 - 18 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: کۆمپانیای پێترۆشیمیی ڕێژیمی ئێران کە لە ۳۹ لقی جیاواز پێک هاتووە، بە هۆکاری هاوکاریکردنی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیم، خرایە لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

ڕۆژی هەینی، ۱۷ی جۆزەردان، وەزارەتی خەزێنەداریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، له بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە کۆمپانیای پترۆشیمیی خەلیجی فارسی ڕێژیمی ئێران، بە هۆکاری پاڵپشتیی دارایی و هاوکاریکردنی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران، خستە نێو لیستی گەمارۆکانی ئامریکاوە.

کۆمپانیای پترۆشیمیی خەلیجی فارس، کە ۳۹ لقی جیاوازی هەیە و نیوەی زیاتر لە پترۆشیمیی ئێران پێک دەهێنێت، لقەکانی بریتین لە کۆمپانیاکانی: ئاروەند، ئاب نیرووی بەندەری ئیمام، بسپاران بەندەری ئیمام، خاڕەزمی بەندەری ئیمام، کیمیایی بەندەری ئیمام، بووعەلی سینا، فەجر، هەنگام، ئەورەی هورمۆز، سەرمایەگوزاریی پیشەسازیی پێترۆشیمیی ئێران، پەرەپێدانی سەرمایەگوزاریی پێترۆشیمیی ئێران، کاروون، خووزستان، کوود شیمیایی ئەورەی لۆردگان، مۆبین، مۆدەبێرانی ئابووری، نووری، پارس، عەمەڵیاتی غەیرەپیشەسازیی پاسارگاد، ئاپادانای خەلیجی فارس، گازی بیدبۆڵەندی خەلیجی فارس، بازرگانی پیشەسازیی خەلیجی فارس، پالایش گازی یاداوەرانی خەلیجی فارس، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی پیشەسازیی پێترۆشیمی، راهـ ئاوەرانی فۆن، شەهید تەنگوویان، ورمێ، هیمەت، ئیلام، پێلمیری گەچساران، دێهدەشت، برووجێن، کۆنپانیایی "پی ئێن سیـ"ـی جێگیر لە فیلیپین، کۆمپانیای ئەتڵەس جێگیر لە ئیمارات و کۆمپانیای نەغمە جێگیر لە ئیمارات.

لەم پەیوەندییەدا، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، لە تویتێکدا لە لاپەڕەی تویتێریی خۆیدا، نووسیویەتی: "وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا، گەمارۆکانی بۆ سەر بەشی پێترۆشیمیی ڕێژیمی ئێران کە پاڵپشتیی دارایی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی دەکرد، خستە بواری جێبەجێکردنەوە.هەروەها ویلایەتەیەکگرتووەکان، پێشی بەو داهات و پارەیە گرت کە ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکەدا نائارامی و ئاژاوەی پێی دەنایەوە."

وەزیری کاروباری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووکان، ڕایشیگەیاندووە کە گوشارەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران بەردەوامە و درێژەی دەبێت.