کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی هولەندی، هاتووچۆی فڕۆکەکانی بۆ ئێران ڕاگرت

12:13 - 17 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی دۆخی شپرزی ئابووریی ئێران، کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانیی هولەندی، سەفەری فڕۆکەکانی خۆی بۆ ئێران و بەپێچەوانەکەی ڕاگرت.

کۆمپانیای فڕۆکەوانیی "K.L.M" هولەندی ڕایگەیاند، کە لە ڕۆژی دووهەمی ڕەزبەر (٢٤ی سپتامبێر) ئەمساڵەوە، بە هۆی ئەوەی کە لە باری ئابوورییەوە سەفەرەکانی تاران ــ ئامێستردام بەقازانج نییە، ڕادەگیردرێن.

ماڵپەڕی ئەم کۆمپانیایە، نووسیەتی: ئەم بڕیارە بە هۆی "ڕوانگەی باری داراییی نەرێنیـ"ـی درێژەدان بە هاتووچۆی فڕۆکەکانیان بۆ تاران دراوە.

ئەم کۆمپانیایە جارێکی تر لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینی، هاتووچۆی فڕۆکەکانی خۆی بۆ تاران ڕاگرت، بەڵام لە ٢٠١٦ـەوە دیسان سەرلەنوێ دەست پێ کردەوە.

بڕیاری نوێی ئەم کۆمپانیایە لە حاڵێکدا ڕاگەیەندراوە، کە کۆمپانیای فەڕانسەیی "ئایر فەڕانسـ"ـیش، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕ ڕایگەیاند، کە بە هۆی کێشە ئابوورییەکانی ئێران، لە پاییزی ئەمساڵەوە ڕادەی هاتووچۆی فڕۆکەکانی خۆی بۆ تاران کەم دەکاتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەم بڕیارە، دوو کارمەندی باڵوێزخانەی ڕێژیمی ئێران لە هولەند دەرکران، کە ناڕەزایەتیی بەرپرسانی ڕێژیمی لێ کەوتەوە.