کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەکانی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێر لە یۆتۆبۆری کۆبوونەوە

23:03 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: هەر دوو کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کورستانی ئێران لە یۆتۆبۆری، هێرشی پەکەکەیان بۆ سەر ژمارەیەک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات مەحکووم کرد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێسانی کوردستانی ئێران لە یۆتۆبۆری رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردان، بە مەبەستی دەربڕینی نارەزایەتی لە هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەگانی حیزبی دێموکرات لە چیای کێلەشین، کۆبوونەوە.

لەو کۆبوونەوەدا هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر حیزبی دێموکرات و شەهیدبوونی پێشمەرگەیەک و بریدناربوونی ٣ پێشمەرگەی دیکە و دەستێوەردانی ئەو پارتە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان مەحکووم کرا.

لەو کۆبوونەوەکە شاندی کۆمیتەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زه‌حمەتکێشانی کوردستانی ئێران ــ یۆتۆبۆری پرسە و سەرەخوشیی خۆی ئاراستەی تەشکیلاتی حیزب بەگشتی و خەڵکی خەباتگێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەت بنەماڵەی شەهیدی سەربەرز \'\'قادر کەریمی\'\' کرد.

پاشان لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بارودۆخی کورد و کوردستان بەگشتی و هەروەها ئەو کردەوە گوماناوییە و هێرش کردنەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر هێزێکی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا.

هەر لە درێژەی ئەو باسەدا تیشک خرایە سەر هێرشە یەکلایەنەکەی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و لەلایەن هەر دوولاوە هێرش بەران و شەهیدکەرانی قادر کەریمی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیان مەحکوم کرا.

هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوە کۆک بوون کە پێویستە حیزب و رێکخراوە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەنگاوی زیاتر بۆ لەیەک نزیک بوونەوە هەڵگرن و پێکەوە ‌هێزێکی هاوبەش بۆ پارێزگاری و بەرگری کردن لە خاکی هاوبەشی خۆیان و لەو بەشەی کوردستاندا پێک بێنن.