کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی جوولەکەکانی ئامریکا کەمپەینێکی جیهانییان لە دژی بەشداریی ئێران لە ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ دەست پێکرد

11:57 - 8 رەزبەر 2720

ڕێکخراوی جوولەکەکانی ئامریکا وێڕای وەڕێخستنی کەمپەینێک بۆ ڕێگریکردن لە ئێران بۆ بەشداریکردن لە ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ی ژاپۆن، لە نامەیەکدا بۆ "تووماس باخ" سەرۆکی کۆمیتەی نیودەوڵەتیی ئۆلەمپیک، ڕێژیمی ئێرانیان بە پێشێلکردنی مافی سەرەتایی وەرزشکارانی ئێرانی و لادان لە جاڕنامەی ئۆلەمپیک تاوانبار کردووە.

لەو نامەیەدا ئاماژە بە دەسبەسەرکردن، ئەشکەنجە و لەسێدارەدان، بەردەوامیی گوشارە سیاسی و مەزهەبییەکان بۆ سەر وەرزشکاران و ناچارکردنی ئەوان بە جێهشتنی وڵات، ڕێگریکردن لە بەشداریی ژنان لە ڕشتە وەرزشییەکان و هەروەها ڕێگریکردن لە کێبڕکێی وەرزشکارانی ئێرانی لەگەڵ وەرزشوانانی ئیسرائیلی، کراوە.

کۆمیتەی جوولەکەکانی ئامریکا لەو نامەدا نووسیویانە: "ئیجازەدان بە ئێران بۆ بەشداریکردن لە ئۆلەمپیکی ٢٠٢٠ی تۆکیۆ، نیشانەی پشتیوانییە لە پێشێلکردنی ئاشکرا و سیستماتیکی مافی مرۆڤ لە ئێراندا".

توێژی وەرزشوانان لە ئێران بەتایبەتی وەرزشوانە کوردەکان بەهۆی پشتگیری نەکردنیان لەلایەن کاربەدەستان و ئیدارە پەیوەندییەدارەکانەوە ناچارن یان دەست لە وەرزش هەڵبگرن و بەدوای کاری دیکەدا بکەون یان بۆ بەردەوامی لە وەرزشەکەیان وڵاتی خۆیان بەجێ بهێڵن.