کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کاڵمار، کۆبوونەوەیەکی بۆ کوردانی دانیشتووی ئەو شارە پێک هێنا

21:45 - 7 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کاڵماری سوید، سەبارەت بە هێرشەکەی پ.ک.ک بۆسەر چەند پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین، کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٦ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە کاڵمار، کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە هێرشەکەی رۆژی یەکشەممەی پارتی کرێکارانی کوردستان(PKK) بۆسەر دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی کێلەشین کە لەئاکامدا پێشمەرگەیەک شەهید و چەند پێشمەرگەی دیکە بریندار بوون، پێک هێنا.

لەو کۆبوونەوەدا ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردانی باشووری کوردستان بەشدار بوون.

سەرەتای کۆبوونەوەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و بەتایبەت شەهید قادر کەریمی کە لەلایەن گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK شەهید بوو، دەستی پێکرد.

پاشان فەریدوون ئەلیاسی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو شارە، وتارێکی پێشکەش بە بەشدارانی کۆبوونەوەکە کرد.

لە کۆتایی ئەو کۆبوونەوەیەدا بەشداربووان کۆمەڵێک پرسیار و تێبینیی خۆیان سەبارەت بە رووداوەکە و بارودۆخی ئێستای حیزب خستە روو کە لەلایەن فەریدوون ئەلیاسی، وڵامی پرسیارەکان درایەوە.