کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە یادی کارەساتی شەنگال لە وڵاتی ئوتریش بەشداری کرد

17:04 - 21 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی ئۆتریش، بەشداریی لە ڕێوڕەسمی یادی کارەساتی شەنگاڵدا کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن کۆمەڵەی ئیزدییەکانی دانیشتووی وڵاتی ئۆتریش، ڕێوڕەسمێکی بە بۆنەی تێپەڕبوونی دوو ساڵ بە سەر هێرشی دڕندانەی گرووپی تێرۆریستیی داعش، بۆ سەر ناوچەی شەنگال و دەوروبەری وکوژران و برینداربوونی دەیان هەزار کەس و بە دیل گیرانی کۆمەڵێکی زۆر لە خەڵکی ناوچەکە پێک هێنا.

بۆ دەربڕێنی هاودەردی لە گەڵ خەڵکی ناوچەی شەنگال و شەرمەزارکردنی کردەوەی دژی مرۆیی و جیناتکارانەی داعش، نوێنەری بەشێکی زۆر لە ڕێکخراوە کوردستانییەکان، بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون.

لەو ڕێوڕەسمەدا، بەرپرسی بەشی پێوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە کوردستانییەکانی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات و جێگرەکەی و یەکێک لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات بەشدارییان لەو یادەدا کرد.

لەو ڕێوڕەسمەدا، د. جەزا ساڵحی، وتارێکی لە پێوەندی لەگەڵ هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر ناوچەی شەنگال و ئاکامی ئەم هێرشە دڕندانەیە پێشكەش کرد.

کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەڕای شەرمەزارکردنی هێرش بۆ سەر خەڵکی بێ تاوانی ناوچەکە ، هاودەردیی خۆی لە گەڵ بنەماڵە و کەس وکاری شەهیدان و بە دیل گیراوانی ئەم هێرشە دڕندانەیە دەربڕێ.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەی، د. جەزا ساڵحی‌، باسی لە بەشداریی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە یەکەمین ڕۆژەکانی دەسپێکردنی شەڕەکە و ئامادە بوونیان لە بەرەی پێشەوەی شەڕەکە کرد و بە هاناوەچوونی پێشمەرگەکانی بەرز نرخاند. بەرپرسی کۆیتەی حیزب هەوڵەکانی کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بۆ بەرگری لە بەشداریی پێشمەرگەکان لەو شەڕەدا شەرمەزار کرد.

هەروەها باسی لەوە کرد کە، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، داڵدەدەری سەرەکیی داعشە و وڵاتی ئێران پەناگەی سەرانی داعش بووە و ئەم پێوەندیانە ئێستاش بەردەوامە. لە بەشێکی دیکەی وتارەکەدا، هێما بە پێویستیی هاوسۆزی لەگەڵ کوردانی ڕەسەنی ئێزدی، هەوڵدان بۆ ئازادکردنەوەی ناوچە داگیرکراوەکانیان، هەوڵدان بۆ ڕزگاریی دیل و بەندکراوەکانیان و لە هەمووش گرینگتر هەوڵی بێ وچان بۆ ناساندنی کارەساتی شەنگال وەک ژینۆساید و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە کرابوو.