کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی حیزبی دێمۆکرات لە بریتانیا رێوڕەسمی ٢‌ی رێبەندانی بەڕێوە برد

21:42 - 10 رێبەندان 2712

کوردستان میدیا: لە لەندەن لە وڵاتی بریتانیا، بە بۆنەی ٦٧مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان رێوڕەسمێک لە مەڵبەندی رۆشنبیریی کورد بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەو رێوڕەسمە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک بێ دەنگی بۆ رێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
سەرەتا پەیامی کۆمیتەی حیزب لە بریتانیا لەلایەن هەمزە بایزیدیـەوە پێشکەش کرا.
بەڕێز بایزیدی لەو پەیامەدا ئاماژەی بە مێژووی کۆماری کوردستان و کارتێکەریی دامەزرانی کۆماری کوردستان لەسەر بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلی کورد، دەستکەوتەکانی کۆمار، پێوەندییەکانی نێوان کۆماری کوردستان و کۆماری ئازەربایجان، هەلومەرجی سیاسیی ئەمڕۆی ئێران و رۆڵی حیزبی دێمۆکرات لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کورد لە ئێران کرد.
دواتر چەند پارچە مووزیک لەلایەن هونەرمەند ئاوات ئەفرووزییەوە پێشکەش کرا.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا چەند پەخشان و شێعر لەلایەن دلشاد پاڵانی، سولێمان مورادی و فەرید دیهیمـەوە پێشکەش کرا و هەروەها کاوە سەعدەی کۆمەڵێک پارچە شێعری بۆ ئامادەبوان خوێندەوە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا گرووپی سەمبا لە بریتانیا، بە مووزیک جێژنەکەیان زیاتر رازاندەوە.
ژمارەیەک پەیامی پیرۆزبایی و بابەت لە رێوڕەسمی ٢‌ی رێبەنداندا خوێندرایەوە کە بریتین بوون لە:

ــ پەیامی کۆمیتەی بریتانیا بە زمانی فارسی لەلایەن هیوا پوورئازەر

ــ کورتەیەک لە مێژووی کۆماری کوردستان بە زمانی ئینگلیزی لەلایەن سۆیسنە خانم

ــ پەیامی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ لەلایەن جەمشید ئەمیری

ــ پەیامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لەلایەن ئازاد قوبادی‌پوور

ــ پەیامی پارتی دێمۆکراتی کوردستان لەلایەن کەماڵ ئامێدی

ــ پەیامی بزووتنەوەی فیدراڵ دێمۆکراتی ئازەربایجان لەلایەن هیدایەت سووڵتان‌زادە

ــ پەیامی بزووتنەوەی نەتەوەیی بلووچستان لەلایەن عەبدوڵڵا هوویی

ــ پەیامی رێکخراوەی خەڵکی کورمانج (خوراسان) لەلایەن ئەفراسیاب شکۆفتە

ــ پەیامی چالاکوانی سیاسی و مەدەنی سیرووس مەلەکووتی

ــ پەیامی خەبات دژی رەگەزپەرەستی و عەرەب‌ ستیزی لە ئێران، یووسف بنی‌تەرەف

ــ برووسکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

ــ برووسکەی کۆمیتەی حیزبە کوردستانییەکان لە بریتانیا

ــ برووسکەی پارتی یەکیەتیی کوردستانی سووریە