کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی دەرخەری ڕاستییەکانی پارلمانی عێراق هێرشی مووشەکیی ئێران بۆ سەر هەولێری مەحکووم کرد

18:50 - 6 بانەمەڕ 2722

کۆمیتەی دەرخەری ڕاستییەکانی پارلمانی عێراق لەبابەت هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر شاری هەولێری پێتەختی هەرێمی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە پێشێلکردنی یاسا نێونەتەوەییەکانە.

لەو راپۆرتەدا هاتووە کە پاساوەکانی ڕێژیمی ئێران لەبابەت بوونی بنکەی ئیسرائیل لە شوێنی مەبەست ڕاست نین و سکاڵای خاوەن ماڵەکە کە دراوەتە بەر هێرش، بە ڕەوا زانراوە.

ئەو کۆمیتەیە لەبابەت ئەو هێرشە داوای لە دەوڵەتی عێراق کردووە کە هەنگاوی پێویست هەڵبگرێت بۆ پاراستنی کەرامەت و سەروەریی خاکی عێراق و کەڵکوەرگرتن لە ڕێوشوێنە دیپلۆماتیکەکان بۆ دووپاتنەبوونەوەی هێرشی لەو چەشنە.

ئەو کۆمیتەیە هەروەها داوای لە وڵاتانی دراوسێی عێراق کردووە کە زانیاریی تایبەت لەسەر چالاکیی گرووپە چەکدارەکانی دژبەری عێراق لەو وڵاتە بدەن بە لایەنی پەیوەندیداری عێراقی.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠٠ی هەتاوی سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران بە دوازدە مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و بە بیانووی بوونی بنکەیەکی ئیسرائیل لەو ناوچەیە ماڵێکی لە نزیک هەولێر کردە ئامانج کە دواتر کاردانەوەی بەربڵاوی لێ کەوتەوە.