کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی محکووم کرد

11:45 - 24 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: بە پەسەندکردنی بڕیارنامەیەک لەلایەن کۆمیتەی سێهەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێراندا محکووم کرا.   

کۆمیتەی سێهەمی کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەزەڵوەر، بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێرانی محکووم کرد و لەهەمبەر دەسبەسەرکردنە خۆسەرەکان، دۆخی زیندانەکان، هەڵاواردن دژی ژنان و  ئازاردانی کەمایەتییە ئایینییەکان، نیگەرانیی خۆی دەربڕی.

ئەم بڕیارنامەیە کە کانادا پێشنووسەکەی خستبووە ڕوو، بە ٨٤ دەنگی ئەرێنی لە بەرامبەر ٣٠ دەنگی نەرێنی پەسەند کرا و هەروەها ٦٦ وڵاتیش دەنگی بێلایەنیان بەم بڕیارنامەیە داوە.

لەم بڕیارنامە شەش لاپەڕەییەدا، سەبارەت بە بەرتەسککردنی توندی ئازادیی بیرکردنەوە، مەزهەب و باوەڕ و هەروەها گوشاری لەڕادەبەدەر دژی کەمایەتییە ئایینییەکان، باس  کراوە.

ئەم بڕیارنامەیە کە بەپێی دوو ڕاپۆرتی ''جاوید ڕەحمان''، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران، ئامادە کراوە، دەڵێت، بەهاییەکان لە ئێراندا لە لایەن ڕێژیمەوە بەفەرمی ناناسرێن و بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرێن.

لەم بڕیارنامەیەدا داوا لە ڕێژیمی ئێران کراوە کە بە هەموو شێوەیەک هەڵاواردن دژی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینییەکان لە ئێراندا کۆتایی پێ بێنێت.

ئازادیی چالاکانی مافی ژنان کە لە زیندانەکاندان، هەڵوەشاندنەوەی یاساگەلێک کە دژی ژنانە، باشکردنی دۆخی زیندانەکان، دابینکردنی خزمەتگوزاریی دەرمانی بۆ زیندانییان و ئازادیی هەموو ئەو کەسانەی کە کەڵکیان لە ئازادیی بەیان وەرگرتووە، لەو خاڵانەن کە لەم بڕیارنامەیەدا لەسەری داکۆکی کراوە.