کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی لایەنە کوردییەکانی سویس: پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات دەکەین

21:10 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ٨ پارتی کوردی لە وڵاتی سویس پشتیوانیی خۆیان دژی هێرشی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات راگەیاند.

دەقی راگەیەنراوە بەم چەشنەیە:

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ھاونیشتمانیانی بەڕێز
وەک ئاگادارن لە چەند رۆژی رابردوودا ھێزەکانی پەکەکە ھێرشیان کردە سەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بە داخەوە بوونە ھۆی شەھید و بریندارکردنی چەند پێشمەرگەیەک، لەم پێوەندییەدا دەڵین وەک ئاگادارن ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستە کە رۆڵەکانی نەتەوەی کورد پشت بە یەکتری ببەستن و لە هەر چوار پارچەی کوردستان دیپلۆماسی و شۆڕش ئاوێتەی یەک بکەن و هەر لایەنێک بەپێی ئەرکی نیشتمانیی خۆی دەبێت بەرژەوەندییەکانی پارچەکەی خۆی بپارێزێ و هاوکات پشت و پەنای پارچەکانی‌تریش بێ و بە هیچ شێوەیەک ئەوە قەبووڵ ناکرێ کە خەباتی پارچەیەک لە خەبات لە پارچەیەکی‌تر رەواتر و پێویست‌ترە، بەڵکوو هاوخەباتی هەر چوار پارچە تەنیا رێگەی سەرکەوتنی شۆڕشی نەتەوەی کوردە.

ئێمە ئەم کردەوەی پ‌ک‌ک مەحکووم دەکەین و پشتیوانی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین. هەروەها لەم پێوەندیە دا رایدەگەیەنین:

١ ــ شەڕ و تێکھەڵچوون لە نێو ھەر ھێز و لایەنێکی کوردستانی بە زیانبار بۆ بزووتنەوەی کورد دەزانین و مەحکوومی دەکەین
٢ ــ داوا لە حکوومەتی ھەڕێمی کوردستان و ھەموو ھێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەین کە ھەنگاویی بە پەلە ھەڵبگرن بۆ ئەوەی کە ئەو شەڕە تەشەنە نەسێنێت و کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکان بێنن بە رێگای ئاشتیانە
٣ ــ سیاسەتی دەستێوەردانی پەکەکە لە کاروباری پارچەکانی دیکە کوردستان بە توندی مەحکووم دەکەین
٤ ــ چالاکی و هەڵسووڕان لەسەر خاکی کوردستانی رۆژهەڵات بە مافی رەوا و بێ ئەملا و لای حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانین
٥ ــ بە سرنجدان بە هەلومەرجی ناسکی ئێستای کوردستان و بوونی دوژمنێکی دڕندەی وەک \'\'داعش\'\' داوای راگرتنی ئەو ھێرشانە دەکەین.
٦ ــ ھەموو ھێزەکان و یەک لەوانە پ‌ک‌ک دەبێت جیاوزایی رەنگەکان ببینێت واز لە زمانی زۆر لەگەڵ ھێزە کوردستانییەکان بھێنێت
٧ ــ شەهید و بریندارکردنی ھەر رۆڵەیەکی کورد بە دەستی کورد، بەبێ هیچ پاساوێک کارێکی قێزەوەن، بە دژی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و دژی پرنسیپە ئەخلاقی و ئینسانییەکانە و دەبێ بە توندی مەحکووم بکرێت

ئێمە وێرای دەربرینی ھاوخەمیمان لە گەل بنەماڵەو ھاوسەنگەرانی قوربانییەکانی ئەم شەڕ و تێکھەڵچوونە، ھیوا دەخوازین بە ھەوڵی ھەموو لایەک ھەرچی زووتر بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە و کۆتایی بە گرژییەکان بھێندرێت.

بژی کورد و کوردستان
سڵاو لە شەھیدانی کورد و کوردستان

ـــ کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سویس
ــ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سویس
ــ پارتی دێموکراتی کوردستان، سویسرا
ــ پارتی سوسیالسیتی کوردستانی باکوور، سویسرا
ــ کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سویس
ــ پارتی پێشکەتنخوازی کورد لە سووریە، سویسرا
ــ تەڤگەری ئازادیی کوردستان (تەڤگەر) سویس
ــ پارتی دێموکراتی کوردستانی سووریە، سویسرا