کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە سەبارەت بە ھێرشی مووشەکی ڕێژیم بۆسەر بنکەکانی حیزب ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

12:59 - 18 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا ھێرشی مووشەکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی بە توندی مەحکووم کرد.

دەقی ڕاگەیەندراوەکه:

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی ڕێکەوتی ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ کۆماری ئیسلامیی ئێران ھێرشی کردە سەر بنکەی ھەردوو حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نزیک شارۆچکەی کۆیە لە باشووری کوردستان و بە داخەوە ھەواڵە سەرەتاییەکان باس لە شەھید و بریندار بوونی پۆلێک لە کادر و ئەندام و پێشمەرگەکانی حدک و حدکا دەکەن.

دیارە ئەمە یەکەم جار نییە کە کۆماری ئیسلامی بۆ زیان لێدان و سڕینەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان پیلانی لەو شێوەیە دەگێڕێ.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی قووڵی خۆی لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کاری ئەو شەھیدانە و ھەموو ھاوسەنگەرانیان و ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و ھیوای ھەرچی زوو چاک بوونەوەی بریندارەکان و بەدەست ھێنانەوەی سڵامەتییان، ئەم ھێرشە بە توندی مەحکووم دەکات. ئەم ھێرشە خوێناوییە و لە سێدارەدانی سێ بەندکراوی کورد لە زیندانی رەجایی شار، هاوڕێ رامین حسێن پەناهی و زانیار و لوقمان مورادی لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوایین پەلەقاژەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دەرباز بوون لەو قەیرانە فراوانە ناوخۆیی و دەرەکییانەیە کە تووشی ھاتووە و تا دێ بڕستی لێ دەبڕێ. ئەزموونی خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژھەڵات گەلێک خەساری وای بەر کەوتووە، بەڵام ھەرجارە و بە ورەیەکی بەرزتر و سوورتر لە جاران لە خەباتەکەی خۆی بەردەوام بووە.

مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران

سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد

کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی ھەتاوی

٨ی ستپتامبری ٢٠١٨