کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان: هیچ هێزێک بۆی نییە کوردستان بە موڵکی تاکی خۆی بزانێت

14:36 - 9 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان لەهەمبەر رووداوەکانی پێوەندیدار بە حدکا و پەکەکە، راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
جەماوەری دڵسۆز و تێکۆشەر

بزووتنەوەی کورد لە بەشە جیاجیاکانی کوردستاندا پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و دوژمنانی کوردیش بە دەرک بە هەمان راستی لە هەوڵی ئاژاوە و پلان و تێکدانی دۆخی وەدەست هاتووی کورددان.

گەلی کورد لە باکوور بەرە و هەڵبژاردنێکی چارەنووس‌ساز ئەڕوات کە ببێتە هێزێکی کاریگەر لە مەیدانی خەبات بۆ وەدەست هێنانی مافە رەواکانیان و نزیک بوونەوە لە سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی، لە رۆژئاوا بزووتنەوەی کوردی گەشەیەکی بەرچاوی بە خۆیەوە دیوە، لە باشوور سەرەڕای هەبوونی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە نێوخۆی هەرێمی کوردستان هێمنی و ئاسایشێکی تا رادەیەکی بەرچاو هەیە و دۆخی کورد لەو پارچەیە بەرەو سەربەخۆیی کوردستان هەنگاو ئەنێ.

لە کوردستانی رۆژهەڵات بزووتنەوەکە تین و تەوژمێکی زیاتر لە جارانی تێهاتووە و ئاستی بزووتنەوەکە گەشەی بەرچاوی کردوە.

بە داخەوە لە وەها حاڵەتێکدا کە گەلی کورد بەرەو دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەیی خۆی ئەڕوات، روبەڕوی کارەساتێک ئەبێتەوە کە دڵی هەر تێکۆشەرێکی راستەقینە ئەهەژێنێت، لە نێوان دوو هێزی سیاسی کورد سەر بە دوو بەشی کوردستان، گرژی و ناکۆکی دێتە ئارا کەلە ئاکامی ئەو گرژی و تێکهەڵچوونەدا پێشمەرگەیەک گیانبەخت ئەکات و چەند هاوڕێی دیکەی بریندار ئەبن.

ئێمە بە ناوی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کە پێکهاتوین لە ١١ حیزبی سیاسی سەربە چواربەشی کوردستان، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی خۆمان سەبارەت بە گیانبەختکردنی کاک قادر کەریمی هاو خەمی خۆمان لەگەڵ بنەماڵە و کەس و کار و سەرجەم هاوسەنگەرانی کاک قادر دەر ئەبڕین.

لە رێگای ئەم راگەیاندنەوە وەک کۆمیتەی هاوکاری بە مەبەستی پێشگرتن لە شەڕ و پێکدادانی چەکدارانەی هێزە سیاسییە کان و شەڕی خۆکوژی، سەرنجی هەمو لایەک بۆ ئەو خاڵانەی خوارەوە را ئەکێشین.

١ــ چارەسەریی کێشەکان لە رێگای دەست بردن بۆ چەک لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا بە توندی ئیدانە ئەکەین.
٢ــ هێرش بۆسەر پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە کێلەشین ئیدانە ئەکەین و بە کارێکی نەشیاوی ئەزانین.

٣ــ پشتیوانیی خۆمان لە هەوڵەکانی پارلمانی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نێوان ئەو دولایەنە لە رێگای دیالۆگەوە دەر ئەبڕین و ئەو هەوڵانە بەرز ئەنرخێنین و ئەرکی دوولایەنە کە ملکەچی بڕیارەکانی پارلمانی کوردستان بن.

٤ــ خوازیارین دوو لایەن هەوڵ بدەن کێشەکان لەوە زیاتر تەشەنە نەکات و قووڵتری نەکەنەوە و لە رێگای دیالۆگەوە گرفتەکە چارەسەر بکەن.

٥ــ هەوڵی تەداخول لە بەشەکانی دیکەی کوردستاندا کارێکی نەگونجاوە و سەروەری خەبات و تێکۆشانی تێکۆشەرانی بەشەکانی دیکەی کوردستان ئەبێ لەلایەن تێکۆشەرانی هەر بەشێکی کوردستانەوە پارێزراو بێت.

٦ــ هیچ هێزێک بۆی نییە کوردستان بە موڵکی تاکی خۆی بزانێت و هەوڵ بدات خۆی بەسەر لایەنەکانی دیکەدا زاڵ بکات.

٧ــ تێکۆشەرانی رۆژهەڵات مافی خۆیانەکە سنوورەکانی رۆژهەڵات بۆ راپەڕاندنی کارەکانی خۆیان بەکار بهێنن.

کۆمیتەی هاوکاری هێزە سیاسییە کوردستانییەکان ــ نورویژ