کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان کۆبوونەوەیەکی بۆ حەسەن شەرەفی پێک هێنا

15:13 - 29 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: لەسەر پێشنیاری کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان، کۆبوونەوەیەک بۆ حەسەن شەرەفی پێک هێنرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی بەفرانباری ١٣٩٤ی هەتاوی، حەسەن شەرەفی کۆبوونەوەیەکی بەڕێوە برد و لەم کۆبوونەوەیەدا باسی لە هەلومەرجی هەنووکەیی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بەتایبەت هەلومەرجی کوردستان بەگشتی و کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان بە تایبەتی کرد.

شەرەفی بە وردی ئاوڕی دایەوە لە گرینگی کورد لە ناوچەکەدا و هەروەها ئەرکی کورد و هێزە کوردستانییەکان لەو کاتە دژوارەدا کە بە سەر کورددا هاتووە و ئەرکی ئەوانی لەمەڕ پاراستن و ڕاگرتنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی کورد بە گرینگ وەسف کرد.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزب لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور زۆر گرینگە لەم کاتە ناسکەدا، لەبەر پاراستنی ئەو دەسکەوتانەی کە تا ئێستا کورد لەم بەشەی کوردستان بە دەستیان هێناوە، دەست لە بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەڵگرن و پشت و پشتیوانی یەکتر بن لە پێناو بەرژەوەندیی نەتەوەییدا.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ناوبراو باسێکی لەسەر هەلومەرجی ئێستای ئێران و هەروەها دەستێوەردانەکانی ئەم ڕێژیمە لە کاروباری وڵاتانی دەوروبەردا پێشکەش کرد.

لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنەکانی ئەندام لە کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کوردستان پرسیار و تێبینی خۆیان لەمەڕ باس و بابەتەکان خستەڕوو.