کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکان لە دانمارک: هێرشی گەریلاکانی پ‌ک‌ک بۆسەر PDKI مەحکووم دەکەین

21:23 - 5 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە دانمارک لەبارەی ھێرشی ھێزەکانی پ‌ک‌ک بۆسەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوەکە بەم چەشنەیە:

لە کاتێکدا کە باردۆخی رۆژھەلاتی ناڤین و بە تایبەتی کوردستان لە بەردەم ئاڵوگۆری زۆر گەورەدان و پرسی کورد وەک نەتەوەیەک لە ئاستی جیھانیدا کەوتووەتە رۆژەڤی زلھێزەکانی جیھان و ھەروەھا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان نەتەوەی کورد بە بەشداریی ھەموو پارچەکانی کوردستان لە شەڕی بەرگری لە دژی یەکێک لە مەترسیدارترین گرووپەکانی تیرۆریستی، واتە داعش لە شەڕێکی سەخت و یەکلایی‌کەرەوە دان و پێدەچێت لە ماوەیەکی نە چەندان دوور کورد بۆ یەکەم جار لە مێژوویی سیاسیی خۆیدا ببێ بە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی کە جیھان ئێعتراف بەو دەوڵەتە دەکا، بەداخەوە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە کاتێکدا کە دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی حدکا بە مەبەستی بەرێوەبردنی ئەرکی حیزبی و نیشتمانیی خۆیان لە ناوچەی کێلەشین و خنێرە بەرەو رۆژھەڵاتی کوردستان دەچوون لەلایەن ھێزێکی گەورەی پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ماوەی چەند رۆژ گەمارۆ دران و پاشان کەوتنە بەر ھێرشی گەریلاکانی ئەو پارتە و لە ئەنجامدا پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بە ناوی قادر کەریمی شەھید و سێ پێشمەرگەی دیکەی حیزبی دێموکرات بە توندی بریندار کران.

ھەر لەو پێوەندییەدا سەرۆکایەتیی ھەرێم و پارلمانی کوردستان و زۆربەی ھێز و لایەنە کوردستانییەکانی ناڕەزایەتی خۆیان لە ئەنجامی ئەو شەڕە دەربڕیوە و ئامادەیی خۆیان بۆ چارەسەریی ئاشتییانەی ئەو کێشەیە دەربڕیوە.

ئێمە وەک \'\'کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان لە وڵاتی دانمارک\'\' وێڕای پشتگیری خۆمان بۆ سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پارلمانی کوردستان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە، لە ھەمان کاتدا ھێرشی گەریلاکانی پ‌ک‌ک بۆسەر پێشمەرگەکانی حدکا مەحکووم و شەرمەزار دەکەین و پێمان وایە کە خەباتی حیزبەکانی رۆژھەلاتی کوردستان مافێکی رەوا و بێ ئەملا و ئەولای حیزبەکانی رۆژهەڵات دەزانین.

بێ گومان ھەڵگیرساندنی شەڕی براکوژی لەو قۆناغە مێژووییەدا زەبرێکی کاریگەر لەسەر جەستەی ھەموو بزووتنەوەی کورددا دەنێت و پێش بە بەڕەوچوونی پرسی کورد دەگرێ و لە ھەمان کاتدا زیانێکی قەرەبوونەکراو بۆ ھێزە کوردییەکان لە پارچەکانی کوردستان دەبێ. بۆیە ئێمە جارێکی دیکە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی پارلمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و داوا لە ھەر دوو لا دەکەین کە ئەو کێشەیە بە دیالۆگ و دانیشتن چارەسەر بکەن و تفەنگەکانیان بەرەو نەیارانی کوردستان و دەوڵەت داگیرکەرەکان بگرن.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان وێڕای بەداخبوونی خۆی لەو کارەساتە و گیان لە دەستدانی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات بە دەستی گەریلاکانی پ‌ک‌ک، سەرەخۆشی گەرمی خۆی ئاراستەی حیزبی دێموکرات و بنەماڵەی شەھید قادر کەریمی دەکا و ھەوەھا ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پێشمەرگەکانی برینداری ئەو رووداوە نەخوازراوە دەخوازێت.

کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییە کورد و کوردستانییەکان ــ کۆپێنھاگن
٢٥ی مای ٢٠١٥ی زایینی
٤ی جۆزەردانی ٢٧١٥ی کوردی