کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی ڕاسانی یەکیەتیی لاوان ڕێوڕەسمێکیان بە بۆنەی شەوی یەڵداوە بەڕێوە برد

12:59 - 30 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کۆمیتەی ڕاسانی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئیران، لە شاری سۆران لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا، شەوی لەدایکبوونی ڕێبەری هەمیشە زیندووی گەلەکەمان "د.قاسملوو"یان یاد کردەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٩ی سەرماوەز، کۆمیتەی ڕاسانی یەکیەتیی لاوان، لە شاری سۆران، لە ڕێوڕەسمێکدا، میوانداریی بەشێک لە پێشمەرگەکانی شاخ و ئەندامانی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی "ئەی ڕەقیب" دەستی پێ کرد، پاشان وتارێک لە لایەن عەبدولڕەحمان یووسفی، بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتی لاوان لە شاری سۆران لەسەر کەسایەتیی د. قاسملوو پێشکەش کرا. دواتر بەهمەن فەقی زەندەشت، گۆرانییەکی پێشکەش کرد.

ڕامین عومەرزادە بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە سۆران، لەسەر شەوی یەڵدا و ڕۆڵی د. قاسملوو، لە بزاڤی نەتەوایەتیدا، وتارێکی پێشکەش کرد.

لە بەشێکی  دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا گۆرانییەک لە لایەن "بێهزاد قادریـ"ـیەوە پێشکەش کرا.

دواتر سەعید زارعی بەرپرسی مەقەری حیزب لە سۆران چەند وتەیەکی لە سەر کەسایەتیی دوکتور قاسملوو باس کرد و هەروها شێعرێک لە ژێر ناوی "یەڵدا" لەلایەن ئەفشین ئەمیریەوە پێشکەش کرا.

دوایین بڕگەی ئەم ڕێوڕەسمە شایی و هەڵپەڕکێی بەشداربووان بوو.