کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەیەکی پارلمانی بریتانیا گەڵاڵەیەکی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران خستە ڕوو

16:59 - 25 سەرماوەز 2720

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی بریتانیا لە ڕاستای پێکهێنانی سەقامگیرییەکی پتەو لەو وڵاتە گەڵاڵەیەکی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران ئامادە کردووە.

ئەو کۆمیتەیە لە ڕۆژانی داهاتوو ئەم گەڵاڵەیە ڕادەستی دەوڵەتی بریتانیا دەکات کە بەپێی ئەو گەڵاڵەیە تەواوییەتی سپای پاسداران وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی دەناسێنێت.

کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارلمانی بریتانیا بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران، ''پشتیوانیی بەردەوام و پێداگریی ئەو ڕێکخراوە لە هێز و گرووپە تێرۆریستییەکان کە لە ڕاستای تێکدان و لاوازکردنی سەقامگیری و ئەمنییەتی ناوچەکەدایە'' وەکوو بەڵگە هێناوەتەوە.

ئەم کۆمیتەیە لەسەر ئەو باوەڕەیە کە فەلسەفەی سپای تێرۆریستی پاسداران و هەوڵە تێکدەرانەکانی لە جیهان، لە دژی بەرژەوەندییەکانی بریتانیایە.

دەستێوەردان و هەوڵە تێرۆریستییەکانی سپای پاسداران لەگەڵ ئەو پێوەرانەی کە لە یاسای بەرەنگاری لەگەڵ تێرۆریزم لە ساڵی ٢٠٠٠ لە بریتانیا پەسەند کراوە، وێکچوویی هەیە.

پێشتریش ئامریکا سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێرانی وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساندبوو.