کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤ: دەسبەسەری و تەقەکردن لە خەڵک تەنیا پەرە بە ڕق و توڕەییان دەدات

13:05 - 2 گەلاوێژ 2721

''میشێل باشلە'' کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی هەینی ١ی گەلاوێژ داوای لە بەرپرسانی رێژیمی ئێران کرد، بە جێگای گوشارهێنان و توندوتیژیی لەڕادەبەدەر بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەرانی ئەحەواز، لەگەڵ قەیرانی کەمئاوی لەو پارێزگایە بەرەنگاری بکات.

کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بابەت کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران لە ئەحواز لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو جەختی کردەوە کە دەسبەسەری و تەقەکردن لە خەڵک تەنیا پەرە بە ڕق و توڕەییان دەدات.

ناوبراو دۆخی ئێستای ئەحوازی بە کارەساتبار ناو لێ برد و ئەم دۆخەی بە ئاکامی چەندین ساڵ کەمتەرخەمیی ڕێژیمی ئێران زانیوە.

''میشێل باشلە'' بەنیسبەت ترس لە دەسبەسەرکردنی برینداربووان لە ناوەندە دەرمانییەکان وتوویەتی کە ئەمە نالەباربوونی دۆخەکە نیشان دەدات.

هاوکات ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی لە بەیاننامەیەکدا بە ئاماژەدان بە کوژرانی ٨ کەس لە خۆپیشاندەرانی ئەم دواییانەی ئەحواز داوای لە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کردووە کە لە بەکارهێنانی چەک و توندتیژی دژی ناڕازییان دەست هەڵگرێت.

لەو بەیاننامەیەدا ''دیانا ئەلتەحاوی'' جێگری بەرپرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقا لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێونەتەوەیی، بەکارهێنانی کەرەستەی شەڕ دژی خۆپیشاندەرانی بە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر گیانی ئەو کەسانە و پێشێلکاریی ڕێژیمی ئێرانی لە پاراستنی گیانی خەڵک وەسف کردووە.

''ئەلتەحاوی'' هەوڵەکانی وەک تەقەکردن، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و دەسبەسەرکردنی ناڕازییانی لەم دواییانەدا بە تۆقێنەر و نایاسایی وەسف کردووە و بە وەبیرهێنەرەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران لە هەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپیشاندەرانی خەزەڵوەری ٩٨ زانیوە کە هەتا ئێستا هیچ بەرپرسێک لەوبارەوە وڵامدەر نەبووە.

هەروەها لێبوقردنی نێونەتەوەیی لە درێژەی ئەو بەیاننامەیەدا داوای کۆتایی پێهێنان بە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئەحواز کردووە.