کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەلگای هەواڵگریی ئامریکا: نائارامییەکان لە ئێراندا پەرەدەستێنن

19:11 - 10 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵگای هەواڵگریی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا ڕایگەیاند، چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا نائارمییەکان لە ئێراندا پەرەبستێنن.

کۆمەڵگای هەواڵگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا کە لە ۱۶ ناوەندی ئەمنییەتی و دەزگای زانیاری و هەواڵگری پێکهاتوون، لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیاندا بە کۆنگرێسی ئەو وڵاتەیان ڕاگەیاند، ڕێژیمی ئێران یەکێک لەو چوار وڵاتەیە کە وەکوو هەڕەشە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئامریکا و هاوپەیمانانی واشنگتۆن هەژمار دەکرێن، هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا ڕایانگەیاندووە کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا نائارامییەکان لە ئێراندا پەرە بستێنن.

ڕۆژی سێشەممە ۹ی ڕێبەندان، "دن کوتس" بەرپرسی ناوەندی هەواڵگریی نیشتمانیی ئەمریکا، لە سێنا ویلایەتە یەکگرتووەکان بە ئامادەبوونی برپرسانی سەرجەم ناوەندەکانی کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەمریکا، ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆمەڵگای هەواڵگریی ئەو وڵاتەی بە سێناتۆرەکانی هەردوو حیزبی سەرەکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕاگەیاند.

لە بەشێکی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: لە کاتێکدا ئابووری ئێران ڕۆژبەڕۆژ بەرەو لاوازی و داڕمان دەڕوات، ڕێژیمی ئێران بە پەرەپێدانی توانایییە سەربازییەکانی درێژە بە بەرزەفڕییەکانی خۆی لە ناوچەکەدا دەدات. هەروەها لە ناوخۆی ئێرانیش توندڕەوەکان بە شەڕفرۆشتن بە ململانێکەرە میانەڕەوەکانی خۆیان بێشەرمانەتر هەڵسوکەوت دەکەن و بەم هۆکارانەشەوە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگەکانی داهاتوودا نائارامییەکان لە ئێراندا پەرە بستێنن.

دن کوتس، لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا ڕایگەیاند: "تاران دابینکردنی دارایی کردەوە تێرۆریستییەکان درێژە پێدەدات، بۆ نموونە دەتوانین ئاماژە بەو هاووڵاتییە ئێرانییانە بکەین کە لە ئورووپادا لە کاتی پیلانگێڕی و کردەوە تێرۆریستییەکاندا دەستبەسەر کران. لە کاتێکدا که توانایییە سەربازییەکانی ناوخۆیی ڕێژیمی ئێران هەڕەشە بۆ سەر ئامریکا و هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە هەژمار دەکرێت، چاوەڕوانی ئەوەش دەکرێت کە پاڵپشتی کردنی حوسییەکانی یەمەن و میلیشیا شیعەکانی عێراق درێژە پێ بدات".

لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: ڕێژیمی ئێران پێگە سەربازییەکانی خۆی لە سووریە بەهێزتر دەکات و هەناردە کردنی چەک بۆ حیزبوڵای لوبنان درێژە پێدەدات کە ئەم کردەوانەش دەبنە هۆکاری هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسراییل بۆ سەر ڕێژیم، هەروەها ئەو کردارانەی ڕێژیمی ئێران لەو ڕێگایەوە کە لەبەری گرتووە ، نیگەرانییەکانی ئێمە زۆرتر دەکات. ئەو ڕێگایە دەبێتە هۆی مەترسیداربوون و دەستکراوەیی دزە کردنی ڕێژیمی ئێران بۆ تێکدانی ناوچەکە.