کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە جێژوانی گەلاوێژدا لەگەڵ ڕێبازی دێموکرات پەیمانی وەفادارییان نوێ کردەوە

12:36 - 28 گەلاوێژ 2720

لە ٧٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دڵسۆزانی مەکتەبی دێموکرات چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و لەگەڵ ئارمان و ئامانجی حیزبەکەیان پەیمانی وەفادارییان نوێ کردووەتەوە.

لە ناوچەی "ژاوەرۆ"ی سنە ماندوونەناسانی دێموکرات لە ئاوایی "هەرسین" بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ ئەمەگناسیی خۆیان بە ڕێبازی حیزبەکەیان دووپات کردەوە.

چیاباوەڕانی دێموکرات لە ئاوایی "ئەنبێـ"ـی  تەرگەوەڕی ورمێ لە چالاکییەکی کەم وێنەدا بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتەوە تراکت و پوستێری پەیوەندیداریان بڵاو کردووەتەوە.

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ لە ناوچەی "تەرگەوەڕ"ی ورمێ و لەسەر گردی "خیزەن" ڕێبوارانی ڕێبازی شەهیدان بۆ ڕێزگرتن لە فیداکاریی شەهیدان و پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، سەردانی گڵکۆی شەهیدان "عەبدوڵڵا فەقێ زەندەشت" ناسراو بە "عەدۆ" و "خالید پەیرەویی خۆشاکۆ"یان کردووە و لەو شوێنە ئاگریان کردووەتەوە.

لە شاری "شنۆ" قارەمانانی دێموکرات لە یادی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا لە ئاواییەکانی "هێ، تاژاندەرێ، کیسەڵاوێ، بێتریان و شێخان" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە.

لە درێژەی کار و چالاکییەکانی تێکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی یووبیلی ئەڵماسیی حیزبی دێموکراتەوە لە ئاواییەکانی "دەل و ڕوار" ڕێزیان لە ٧٥ ساڵ خەباتی بێوچانی حیزبەکەیان گرت و لە پەیامێکدا بڵاویان کردووەتەوە: "هەتا سەرکەوتنی یەکجاری بە ڕێبازی حیزبەکەمان و شەهیدان وەفادار دەمێنینەوە و ئامادەی ڕاپەڕاندنی هەر ئەرکێکی حیزبین".

هەروەها تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری "نۆدشە" لەو یادە پیرۆزەدا بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژەوە ئەو یادەیان بەرز ڕاگرت.