کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵکوژی لە ڕێژیمی ئیسلامیدا

10:50 - 1 بەفرانبار 2719

ڕێبازی هەتاو

کۆمەڵکوژی لە پێشدا تەنیا یەک واتا و یەک شرۆڤەی هەبوو، ئەویش کوشتنی خەڵکانێکی زۆر لەلایەن دەسەڵاتێکی لاسار و دیکتاتۆرەوە بوو. کوژرانی خەڵک ڕاستەوخۆ یان بەهۆی هێزە چەکدارەکانەوە تیرباران کراوە یان بەهۆی کیمیاباران و سوتاندن لەنێو براون. گەلی کورد هەموو کۆمەڵکوژییەکی بەسەردا سەپاوە. ئەوەی لە ئێستەدا دەتوانین لە چوارچێوەی کۆمەڵکوژی لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا ئاماژەی پێ بکەین، بە ڕیز بریتین لە:

ــ کۆڵبەری؛ لە وڵاتانی پێشکەوتوودا ئاژەڵانیش وەک مرۆڤ مافیان بۆ دیاری کراوە و لە هیچ ئاژەڵێکی بارکێش بۆ گواستنەوەی بار کەڵک وەرناگیرێت، بەڵام لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کە لەژێر چەپەڵترین دەسەڵاتی سەردەمدایە، لاوەکان لەجیاتی خوێندن و تێپەڕاندنی لاوێتی، خەریکی کۆڵبەرین. بژێویی ژیان و خەمی نان لە ڕۆژهەڵات گەیشتووە بە ئاستێک کە لاوەکان بە کۆڵبەریش کە پیشەی مرۆڤی سەردەمیش نییە قەناعەت بکەن بە مەرجێک کە نەیانکوژن. بەپێی هەندێک فاکت، دەتوانین کۆڵبەری لە هەژماری کۆمەڵکوژیدا لەقەڵەم بدەین: کۆڵبەری کوژرانی بە دواوەیە؛

کۆڵبەری کەمئەندامیی بەهۆی تەقەکردن یان بەربوونەوەی لە شاخەکان بەدواوەوەیە؛ کۆڵبەری لە درێژماوەدا دیسکی کەمەر و گەردن و سووانی جمگە و ئەژنۆکانی بە دواوەیە و لە داهاتوودا دیاردەکانی دەردەکەون.

کۆڵبەری تایبەت بە ناوچە سنوورییەکانە و بێجگە لەو باسانەی سەرەوە، لە باری دەروونی و ڕۆحی ڕەوانییەوە دەرئەنجامی خراپتری بە دواوەیە و ئەم لایەنەی باسەکە بە زۆری لەسەر ژن و منداڵی کۆڵبەران کاریگەریی هەیە.

ــ ئیتعتیاد؛ تووشبوون بە ماددەی هۆشبەر پێوەندیی بە گەورە شارەکانەوە هەیە. لە کوردستان شارەکانی نزیک لە ناوەند کە بە هۆکارگەلی ئیداری و بازرگانی و... پێوەندییان بە گەورەشارەکانی ئێرانەوە هەیە زیاتر لە شارە سنوورییەکان کەوتوونەتە بەر ئەو دیاردە دزێوە. تووشبوونی لاوان بە ماددەی هۆشبەر هەندێک لێکەوتەی کۆمەڵایەتی و ڕۆحیی بە دواوەیە کە بریتین لە: بە تووشبوونی لاوان بە ماددەی هۆشبەر، درێژەپێدانی خوێندن و وەئەستۆ گرتنی بەرپرسایەتییەکان لە داهاتوودا بەفیڕۆ دەچێت؛ هاوسەرگیری و پێکهێنانی بنەماڵە کە بەقای نەسڵی بە دواوەیە لە موعتادەکان ناوەشێتەوە؛ دزی، گەندەڵی، ئایدز و لەشفرۆشی لەنێو  تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکاندا زۆرە؛ تێچووی سەندنی ماددە هۆشبەرەکان و کەمپی چارەسەریی تووشبووان بۆ بنەماڵەکان قورس و وێرانگەرە؛ لە باری ڕۆحی و دەروونییەوە بنەماڵەی گیرۆدەبووانی ماددەی هۆشبەر سەقامگیر و جێگرتوو ننیە و لە دۆخێکی ناخۆشدا دەژین؛ ژن و منداڵی تووشبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە یەکەم کەسەکانن کە لە دۆخی ناتەندروستدا دەژین و هەروەها مەترسیی گیرۆدەبوونی منداڵەکانیان زیاترە.

ژینوسایدی سپیی ڕێژیمی ئیسلامی لە کوردستان زیاتر لە شەڕەکان کوژرانی بەدواوە بووە.  لەو  شێوازە کۆمەڵکوژییەدا هۆکاری سەرەکی کە ڕێژیمی ئیسلامییە، شاراوەییە و لەنێوچوونی لاوەکان وەک تەقدیری ئیلاهی، کەمتەرخەمیی بنەماڵەکان، پەروەردە نەکردن و... پێناسەی بۆ دەکرێت. ڕۆژانە لە کوردستان چەندین لاو بەهۆی کۆڵبەری، بەڵای ماڵوێرانکەری ئێعتیاد (سەوقاتی ئاخوندەکان)، پێکدادانی ماشین (کە ڕێگاوبانی ناستانداردەکان هۆکارن)، هەڵاتن بۆ هەندەران و کرێکاری کردنی دوور لە زێد و نیشتمان، خۆکوشتن و... هتد لەنێو دەچن.

ئەگەر هەژمار و ئاماری مردن و کوژرانی ئەو دیاردانە لە کوردستان بخرێنە پاڵ یەک، ئەوا هەموو ڕۆژێک شاهێتی لەنێوچوونی دەیان لاوی کوردستان و داخدار بوونی بنەماڵەکانیانین. ڕێژەی ساڵانەی کوژرانی لاوەکان لە کوردستان بەو هۆکارگەلەوە دەگاتە چەندین هەزار کەس، هەر بۆیە دەتوانین بەپێی هەموو داتایەک ناوی کۆمەڵکوژیی سپیی لەسەر بنێن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.