کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگای کوردستان هەنگاوێک لە پێشەوەی رۆژهەڵاتی ناوین و سەرلێشێواویی رێژیم لە هەمبەر شەپۆلی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورددا

21:01 - 19 رەزبەر 2714

كوردستان میدیا: هاوكات لەگەڵ شەپۆلی بزووتنەوە مەدەنییە ئاشیخوازانەكانی هاووڵاتییانی كوردی كۆمەڵگای كوردستانی رۆژهەڵات، ناوەند و دەستو پێوەندییەكانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەلایەكەوە دەستیان بە وێنەگرتن و دەستبەسەركردنی خۆپیشاندەران كردووە و لەلایەكی دیكەشەوە بە مەبەستی نەكەوتنە بەر رق و تووڕەیی شەپۆلی خرۆشانی خۆپیشاندەران، داوایان لەخەڵك کردووە برژێنە شەقامەكان و لەو رێگەیەوە دەیانهەوێت خۆپیشاندانەكە كۆنترۆڵ بكەن.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی کوردی کوردستانی ئێران، پاش گەمارۆی کۆبانێ و ئاوارە بوونی هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی کۆبانێ و درێژەدانی خۆڕاگرییان لە بەرامبەر داعشدا، بە بەڕێوەبردنی رێپێوانێک، لە خەڵکی کۆبانێ پشتیوانی و پاڵپشتییان کرد و ئەم کردەوەی هاووڵاتییان لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران و سەرەڕای بوونی فەزایەکی ئەمنییەتی و میلیتاریزەکرانی شارەکان لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە، بەڕێوەچوو.

کۆبوونەوە و رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە شاری مەهابادەوە دەستی پێکرد و هەروەها جگە لە شارەکانی کوردستان، تاران، هەمەدان و شیرازیشی گرتەوە.

نیوەچڵ مانەوەی کۆبوونەوەی هاووڵاتییان، وێنەگرتن و فیلمبەرداری لە کۆبوونەوەکە لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانەوە، دەستبەسەر کردنی هاووڵاتییانی کورد، زاڵ بوونی فەزای ئەمنیەتیی بە سەر شارە کورد نشینەکان و بە تایبەت هەوڵدانی رێژیم بۆ لارێدابردن و گۆرینی ئامانجی هاووڵاتییانی کورد لە رێپێوانەکان و کۆبوونەوەکانیان، لە هەوڵی ئەوەدا بوونە کە لە ماوەی ئەم چەند ئەو خۆپیشاندانە بە قازانجی خۆیان تەواو بکەن.
لە خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییانەی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی رۆژهەڵات، ٣٧ هاووڵاتی لە مەریوان و هەروەها لە تاران و رەبەت و بۆکانیش لانیکەم ١٤ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.

سەرەڕای هەڕەشەی ناوەندەکانی رێژیم و پەرچەکردارەکانی هێزی ئینتزامییەکان و ئیدارەی ئیتلاعات، پارێزگار و جێگری سیاسیی پارێزگاری یەکێک لە پارێزگاکانی کوردستان داوای لە خەڵک کردووە بڕژێنە سەر شەقامەکان.

رێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کوردستانی رۆژهەڵاتە و دەیهەوێ ئەو خۆپیشاندانانە بەو ئاراستەیە ببات کە بە کەڵکی خۆ بێت، بەڵام هاووڵاتییانی کورد بەوپەڕی ئاگاهییەوە بەرەو مەبەستی سەرەکیی خۆپیشاندانەکان هەنگاو دەنێن.

ئێران/ هاووڵاتییانی کورد رژانە سەر شەقامەکان

هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستانی رۆژهەڵات و هەروەها لە شارەکانی تاران و شیراز بە بەشداریی بەرچاویان لە خۆپیشانداندەکان پشتیوانیان لە کۆبانێ کردەوە و تیرۆریستییەکانی گرووپی داعشیان مەحکووم کردوە و رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیان خستە ژێر ئامانجی دروشمەکانی خۆیان.


کرمانشاە، سەقز، ئورمیە، مەریوان، کامیاران، سنە، دیواندارە، دێگولان، بانە، رەبەت، سەردەشت، بۆکان، مەهاباد، روانسەر،جوانڕۆ، پاوە، پیرانشار، و چەندین شاری دیکەی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ رێپێوانی هێمنانەیان بەڕیوە بردوە.

کرماشان پشتیوانی خۆی لە کۆبانێ دەربڕی

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٩ی سەر لە بەیانی رۆژی هەینی، رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، کوبوونەوە و رێپێوانێکی بەرین بۆ پشتیوانی لە خەڵکی کۆبانێ لە شاری کرماشان بەڕێوە چوو.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لەو رێوڕەسمەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی شاری کرماشان بە شێوەیەکی خۆرسک و بە وتنی دروشم پشتیوانیی خۆیان لە خەڵکی کۆبانێ دەربڕی و جەنایاتی گرووپی تیرۆریستی داعشیشیان مەحکووم کرد.
هاووڵاتییانی کورد لەو کۆبوونەوە و رێپێوانەدا بە وتنی دروشمەکانی وەک بژی کۆبانێ و کۆبانێ تەنیا نییە، بژی شێرە ژنانی قارەمان و خەباتگێری کۆبانێ و نەمان بۆ پشتیوانانی داعش لە خەڵکی کۆبانێ پشتیوانییان کرد.
کۆبوونەوە و رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە کرماشان‌ بە خوێندنەوەی بڕیارنامەیەک بە ناوەرۆکی مەحکووم کردنی هەر چەشنە کردەوەیەکی دژە مرۆڤایەتی و بە تایبەت مەحکووم کردنی کردەوەکانی داعش لە کۆبانێ و داواکاری لە ناوەندە نێونەتەوەییەکان وداکۆکیکارانی مافی مرۆڤ بۆ پشتیوانی بە پەلە لە کۆبانێ کۆتایی پێهات.
یەکێک لە هاووڵاتییانی حازر لەو کۆبوونەوەدا لە وتووێژ لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا پێشوازی بەرینی هاووڵاتییانی کوردی لەم کۆبوونەوەدا و هەروەها بەشداری بەرینی هێزە ئینتزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێرانی لە ناو شاردا و بە تایبەت دەورووبەری شوێنی کۆبوونەوەکانی جەخت کردەوە.

دروشمی مەرگ بەر دیکتاتۆر لە شاری سەقز پەرچەکرداری هێزەکانی رێژیمی لێکەوتەوە

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر١ی دوانیوەڕۆی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ دووهەمین جار لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە مەیدانیهەڵۆی ئەو شارە خۆپیشاندانیان پێکهێنا.
لەو خۆپیشاندانەدا دوکتور نیلوفری چەند وتەیەکی پێوەندیداری سەبارەت بە پشتیوانی هەمەلایەنە لە کۆبانی و مەحکووم کردنی تیرۆریزم و کردەوەکانی داعش پێشکەش کرد.

هاووڵاتییانی سەقزی بۆ دووهەمین جار بە خۆپیشاندانێکی بەرین و وتنەوەی دروشم نفڕەت و بێزاریی خۆیان لە تیرۆریزم و دیکتاتۆر دەربڕی.

بژی کۆبانێ، هەتا کوردێک زیندوو بمێنی، کۆبانی هەر دەمێنێ، مەرگ بەر دیکتاتۆر و شەهید زیندووە کۆمەڵێک لە دروشمی هاووڵاتییانی بوو کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشداریان کردبوو.

هاووڵاتییەکی کوردی شاری سەقز لەو خۆپیشاندانەدا سەرەڕای ئەوەیکە جەختی کردەوە فەزای شاری سەقز لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە میلیتاریزە کرابوو و بەتایبەت دۆخێکی ئەمنییەتی زاڵ بەسەر خۆپیشاندانی رۆژی هەینی لە مەیدانی هەڵۆ؛ بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئێران سەبارەت بە دروشمی مەرگ بەر دیکتاتۆر کە مەبەستی هاووڵاتییانی شاری سەقز رێژیمی ئیسلامیی ئیڕان بووە پەرچەکرداری توندیان گرتەبەر.

ئەو هاووڵاتییە لە درێژەدا وتی: بەهۆی گوشاری هێزە ئینتزامییەکانی رێژیم، هاووڵاتییانی کورد بڵاوەیان پێکراوە و بە ئیجبار خۆپیشاندانی هاووڵاتییان کۆتایی پێهاتووە.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییانی سەقز کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی سەرەڕای دژایەتی ناوەندەکانی رێژیمی ئێران خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردبوو.
لە خۆپیشاندانی رۆژی پێنج شەممە هاووڵاتییان دروشمی وەکوو باشوور باکوور رۆژهەڵات، یەک وڵات و یەک خەبات (جنوب، شمال، شرق؛ یک مبارزه و یک ملت) و بژی پێشمەرگەیان وتووەتەوە.

راپۆرتەکان لە شاری سەقز باس لەوە دەکەن کە هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئێران خۆپیشاندەرەکانیان گەمارۆ دابوو، مۆڵەتی بڵاوبوونە و رێپێوانیان لە شەقامەکان‌دا پێ نەدان.
مەریوان/ هێرشی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامی بۆ سەر خۆپیشاندەران و دەستبەسەرکردنی دەیان هاووڵاتیی کورد

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٦ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی لەسەر داواکاریی چالاکانی فەرهەنگی، رۆژنامەوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە شاری مەریوان بە مەبەستی هاوسۆزی و یەکگرتوویی لەگەڵ کوردەکانی کۆبانێ رێپێوان و خۆپیشاندانێکی بەرین بەڕێوەچوو.

راپۆرتە بڵاوکراوەکان باس لەوە دەکەن کە رێپێوانی هێمنانەی هاووڵاتییانی کورد لە مەریوان بەهۆی دەستێوەردانی هێزەکانی رێژیم نائارامی و توندوتیژی لێکەوەتووەتەوە.

هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی مەریوان کە لەو خۆپیشاندانەدا بەشدار بووە بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان و یەگانی تایبەتی رێژیم بە باتووم، گازی فرمێسک رێژ و ئێسپری بیبار لە چوارڕییانی ئەسڵی ئەو شارە هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران و بێ رێزیان پێ کردوون و چەندین هاووڵاتیش بە تووندی بریندار بوون.

ئەو هاووڵاتییە کوردە هەروەها رایگەیاند: لە درێژەی ئەو توندوتێژییە ٣٧ هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون کە ٣٥ کەسیان دوای تێپەڕبوونی دوو کاتژمێر ئازاد کراون، بەڵام دوو کەس لەو خۆپیشاندەرانە لە دەستبەسەری‌دا ماوەنەتەوە.

هەروەها رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی مەریوان بۆ دووهەمین جار بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ خۆپیشاندانیان بەڕێوە بردووە و بە وتنەوەی دروشم کردەوە تیرۆریستییەکانی داعشیان مەحکووم کرد.

هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندانی رۆژی پێنج شەممە دوایان کرد کە ئەو دوو هاووڵاتییەی لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە دەستبەسەر کراون ئازاد بکرێن.

کامیاران/ پشتیوانی بەرینی هاووڵاتییانی کورد لە کۆبانێ

هاووڵاتییانی شاری کامیاران بۆ پشتیوانی خۆیان لە کوردستانی رۆژئاوا لە مەیدانی شافعی هەتا کۆتایی شەقامی دوکتور قاسملوو رێپێوانیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە رێپێوانەکانی رۆژی هەینی رێکەوتی ١٨ی رەزبەر لە شاری کامیاران بە وتنەوەی دروشم هێرشەکانی گرووپی تیرۆریستی داعشیان مەحکووم کرد و خەباتی ژنان و کچانی بوێری کوردیان بەرز نرخاند.

لەو پێوەندییەدا و بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە کامیاران، هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران لە هەموو کۆڵان، شەقام و گەڕەکەکانی شار جێگیر بوونە و چاودێری توندیان بەسەر رێپێوانەکە کردووە.

سنە/ بەشداریی بەرچاوی هاووڵاتییانی کورد لە خۆپیشاندان و میلیتاریزەکردنی شار

رۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی سنە بە کۆبوونەوەیان لە فەلەکە و شەقامەکانی شار، پشتیوانییان لە کۆبانێ کرد.

رێژەی بەشداربوان لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کۆبانێ لەم شارەدا زیاتر لە دە هەزار کەس راگەیەندراوە.

هەروەها راگەیەندراوە کە بەسەر شار و ناوچەکانی دەورووبەری شاری سنە فەزای ئەمنیەتیی لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە زاڵ بووە.

رەبەت/ هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیم لە کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کۆبانێ فیلمیان هەڵگرتەوە

هاووڵاتییانی کورد خەڵکی رەبەت بە بەشدارییان لە پشتیوانی و پاڵپشتییان لە کۆبانێ لە بەرامبەری شارەداری ئەم شارە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، دروشمی کۆبانێ رۆژهەڵاتە، کوردستان یەک وڵاتە وتووەتەوە و پشتیوانییان لە هاووڵاتییانی کۆبانێ کرد.

هێزەکانی رێژیمی ئێران فیلمیان لە هاووڵاتییانی کوردی بەشدار بوو لە کۆبوونەوەکە هەڵگرتووەتەوە و دەوترێت کە دوو هاووڵاتیی کوردیش دەستبەسەر کراون.

هاووڵاتییەکی کورد بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای راگەیاندووە: هێزەکانی رێژیمی ئێران هەڕەشەیان لە هاووڵاتییانی کورد بۆ درێژەدانی ئەم کۆبوونەوانە کردووە و دوو هاووڵاتیی کوردیان کە یەکێکیان خەڵکی گوندی کانی زەردە ، دەستبەسەرکردووە.

ئورمیە/ پشتیوانی لە کۆبانێ، بە شەر هاتنی هاووڵاتییانی کورد و هێزەکانی رێژیمی لێکەوتووەتەوە

کۆبوونەوە و رێپێوانی پشتیوانی لە کۆبانێ لە شاری ئورمیە هەر وەک شارەکانی دیکەی کوردستانی ئێران لەگەڵ دەستێوەردانی هێزە ئیتلاعاتی ونیزامییەکانی رێژیم و هەرەشە کردن بەردەوام بوو.

بەپێی راپۆرتە بڵاوکراوەکان، رۆژی پێنجشەممە ١٧ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، هاووڵاتییانی دانیشتوی شاری ئورمیە بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، لە پارکی تخم مرغ هەوڵیان بە بەڕێوەبردنی رێپێوانێک داوە.

هێزە تایبەتییەکانی رێژیمی ئێران لە ئورمیە لەگەڵ هێرش بردن بۆ سەر کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد لە پارکی تخم مرغ، رێپێوانی هێمنانەی خەڵکیان تێک داوە و خۆپیشاندەران لەگەڵ هەرەشەی ئەمنییەتیی دەستبەسەر کران و حەبس بەرەوڕووبوونەتەوە.

دوابەدوای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە ئورمیە و شارۆچکەکانی دەورووبەر، گەشتی شەوانەی هێزە ئینتزامییەکان لە شوێن وناوچە کوردنشینەکانی ئورمیە بەتوندی بەرزبووەتەوە وسەرچاوە خۆجێ‌ییەکان پشتراستیان کردووەتەوە کە بە توندی کۆبوونەەوی گرووپی لاوان سەرکوت دەکرێت.

بەپێی راپۆرتەکانی گەیشتو لە ئورمیە، سەرەڕای هەرەشەی رێژیمی ئێران، کۆبوونەوەی هاووڵاتییانی کورد بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ هەروا درێژەی هەیە.

هاووڵاتییەکی ئاگادار لە کۆبوونەوەکە، بە ماڵپەری کوردستان میدیای رایگەیاند کە هاووڵاتییانی کوردی دانیشتووی ئورمیە و بە تایبەت خوێندکاران بە وتنی دروشم، رێژیمی ئێرانیان تاوانبار کردووە.


کۆبوونەوە و رێپێوانی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران، هەروا درێژەی هەیە و ماڵپەری کوردستان میدیاش لە درێژەی راپۆرتەکان لە زاری هاووڵاتییانی کورد سەبارەت بە بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکان هەواڵ و زانیاری بڵاو دەکاتەوە.