کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەک بۆ گەشەی ژنان

15:53 - 30 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: لە هەرێمی کوردستان ژنێک بۆ سەرۆکایەتی پارلەمانی هەرێمی کوردستان دانرا.

پارلمانی هەرێمی کوردستان، "د. ڤالا فەرید"ی بۆ سەرۆکایەتی پارلمانی هەرێمی کوردستان هەڵبژارد، کە بۆ یەکەمین جارە ژنە کوردێک لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆ سەرۆکایەتی پارلەمان هەڵدەبژێردرێت.
ئەمە لە حاڵێکدایە، کە وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەلاتی نێوەڕاست، باس لە مافی ژن و بەشداری چالاکانەی سیاسی ژن دەکەن و کورد بە نەتەوەیەکی دواکەوتوو لە بواری سیاسییەوە لە قەڵەم دەدەن.

هاوکات لە گەڵ هەڵبژاردنی سەرۆک‌ی پەرلەمان، لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی جێگرەکانیدا، "مۆنا قەهوەچی" کە نوێنەری تورکمانەکانە لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان وەکوو جێگری دووهەم هەڵبژێردرا.

ئەمەش لە حاڵێکدایە، کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە بانگەشەی ڕێزگرتن لە مافی کەمینەکان دەکەن و بەپێچەوانەی بانگەشە چەواشەکارانەکانیان تەنانەت پێشێل و زەوتیشی دەکەن، بەڵام دەبینین لە دەسەڵاتێکی کوردیدا جێخستن و قەبووڵکردنی ئەم فرەڕەنگییە تەنانەت تا ئاستی بەرپرسایەتی گەورە و بڕیاردانیش دەڕوات. 

دیاریکردنی دوو ژن بۆ هەیئەتی بەڕێوبەرایەتی پارلەمانی هەرێمی کوردستان سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە پێگەی ژن لە نێو نەتەوەی کورددا بەرز دەنرخێندرێت و ڕۆڵێکی کارا و ئەکتیڤیان لە گۆڕەپانی سیاسیدا هەیە.