کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵگای ئێران قوربانیی سیاسەتە ئیدئۆلۆژییەکانی ڕێژیمی ئێرانە

18:29 - 7 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: قەیرانەکانی ئێران لە هەموو بوارەکاندا سنووری خۆیان تێپەڕاندووە و بوودجەی پێویستیش بۆ چارەسەریی کێشەکان لەو بارەوە دابین ناکرێت.

وڵاتی ئێران وەک وڵاتێک کە لە باری ڕووداوە سروشتییەکانەوە هەردەم دەبێت چاوەڕوان بکرێت، کە ڕووداوی سروشتی لێ بكەوێتەوه؛ ڕووداوە سروشتییەکانی وەک بوومەلەرزەی شارەکانی بەم، کرماشان هاتنی تۆز و خۆڵ، ڕۆچوونی زەوی و ڕووداوی دیکە بەردەوام ڕوو دەدات.

ڕێژیمی ئێران لە کاتی دیاریکردنی بوودجەی هەر ساڵێک، بوودجەی ناوەند مەزهەبییەکان کە تەنیا پەرە بە ئیدئۆلۆژیی توندڕەوانە دەدات، بوودجەیەکی زۆری بۆ تەرخان دەکات. بەڵام بوودجەی ڕێکخراوی مودیرییەتی قەیران لە ئێراندا پشکێکی زۆر کەمی بەر دەکەوێت.

بەپێی بوودجەی ساڵی ٩٨، بۆ ڕێکخراوی مودیرییەتی قەیران، بڕی ١٢.٧٥ میلیارد تمەن پارە تەرخان کراوە، بەڵام بۆ شۆرای باڵای حەوزەی علمییەی قوم ٣٠٦.٣ میلیارد تمەن، شۆرای سیاستگوزاریی پێشنوێژانی هەینی ٢٠ میلیارد تمەن، دەفتەری پڕۆپاگەندەی حەوزەی علمییەی قوم ١٥٠ میلیارد تمەن دیاری کراوە.

لە کاتێکدا کە ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کێشەی ئابووری بەرەوڕووە، پشکی ناوەندە مەزهەبییەکان لە ئێراندا بەردەوام زیادی کردووە و کەم نەکراوەتەوە.

بەپێی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیمی ئێرانیش پشکی ڕێکخراوی مودیرییەتی قەیران، بەتەنیا ٥ لەسەدی بەشی گشتیی بوودجەی ئێرانه.