کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان لە نامەیەکدا پشتیوانییان لە "زارا محەممەدی" کرد

11:59 - 14 گەلاوێژ 2720

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران لە نامەیەکدا، پشتیوانیی خۆیان لە "زارا محەممەدی" مامۆستای زمانی کوردی دەربڕیوە و سەپاندنی سزای ١٠ ساڵ زیندانیان بەسەریدا، مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو نامەیەدا هاتووە: "بە پێویستی دەزانین پشتگیریی خۆمان لە ماندووبوون و تێکۆشانی ئەو مامۆستا فیداکارە دەرببڕین و پێمان وایە ئەم سزا قورسە نموونەیەکی دیکەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی زمانین لە پێناو لەنێوچوون و لاوازکردنی زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران".

دەقی نامەکە بەم چەشنەیە:

بۆ پشتگیری لە تاوانە پیرۆزەکانی زارا

خەڵکی خۆشەویستی کوردستان!

ناوەندەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگای جیهانی!

هەروەها کە ئاگادارن "زارا محەممەدی" ئەندامی ڕێکخراوی نۆژین و مامۆستای زمانی کوردی لە شاری سنە و گوندەکانی دەوروبەری، لەلایەن دادگای شاری سنەوە بە تاوانی فێرکاریی زمانی کوردی و یارمەتی گەیاندن بە خەڵکی لێقەوماوی لوڕستان، سزای دە ساڵ زیندانی بۆ دەرکراوە.

ئەگەرچی خودی زارا ئەو تاوانانەی وەکوو تاوانی پیرۆز پێناسە کرد، بەڵام بە وردبوونەوە بە پێشینە مێژووییەکانی سیاسەتی زمانی لە ئێران بۆ دەسەڵاتی ناوەندی قورسایی تێکۆشانەکانی زارا هەست پێکراوە، بۆیە سزایەکی وا قورسیان بەسەردا سەپاندووە!

بەڕێزان! ئێمە پێمان وایە زارا نوێنەری گوتاری فرەزمانییە کە بەرانبەر بە گوتاری جەوهەرخوازانەی تاک زمانی بوێرانە ڕاوەستاوە و دەیهەوێت مەترسییەکانی ئەو سیاسەتە چەوتە بە گوێی هەموومان بچرپێنێت. بەداخەوە دروستکردنی ئاستەنگ بۆ زمانی کوردی لە ئێران پێشینەیەکی مێژوویی هەیە و لەگەڵ پێکهاتنی بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێڕن لە ئێران لە کۆتاییەکانی دەسەڵاتی قاجاڕ تا شۆڕشی مەشرووتە لە ڕێگای سیاسەتی زمانییەوە، زمان بە دامەزراوەیی دەکرێت. لەو کاتەوە کەرەستەی دەوڵەتی ناوەندی  بۆ ملکەچکردنی نەتەوەکان و وفادارییان بە دەسەڵاتی ناوەندی، زمانی فارسییان کردە ئامرازی ئەم بەستنەوە بە ناوەندەوە. لەم ڕەوتە مێژووییە زمانی کوردی کەوتە بەر تەوژمی توندوتیژی گوتاری سیاسەتی تاک زمان- تاک نەتەوە. پەراوێزخستن و و لێکدان و تێکەڵکردنی زمانی کوردی و فارسی بۆ تواندنەوەی زمانی کوردی یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم سیاسەتەیە؛ بۆیە تاوانانەکانی زارا دەبێ لەم سۆنگەوە شرۆڤە بکرێت.

ئێمە کۆمەڵێک لە خوێندکارانی کوردی زانکۆکانی کوردستان و ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو سزا ناڕەوایە، بە پێویستی دەزانین پشتگیریی خۆمان لە ماندووبوون و تێکۆشانی ئەو مامۆستا فیداکارە دەرببڕین و پێمان وایە ئەم سزا قورسە نموونەیەکی دیکەی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی زمانین لە پێناو لەنێوچوون و لاوازکردنی زمانەکانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران.

کۆمەڵێک لە خوێندکارانی زانکۆکانی کوردستان و ئێران