کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە ماموستایانی ئایینی لە کوردستان: هەڵبژاردن شانۆیەکە و قارەمانی چێرۆکەکە لەمێژە هەڵبژێردراوە

12:39 - 24 جۆزەردان 2721

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینیی کوردستان لە پەیامێکدا بەرپەرچی "فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران" کە لە کوردستان بانگەشە بۆ "ئیبراهیم ڕەئیسی دەکەن،" دایەوە و ڕایانگەیاند کە خەڵک بە هیچ شێوەیەک گۆێڕایەڵی ئێوە نین.

" فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی مەجلیسی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران" و لەسەروەی هەموویان ''جەلال مەحمودزادە'' سەرۆکی ئەو فراکسیۆنە و بەناو نۆێنەری ڕێژیم لە مەجلیس، لە ڕاگەیاندراوێکدا پشتیوانیی خۆیانی لە ئاخوند و جەلاد ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' بەربژێری پۆستی سەرکۆماری ڕاگەیاندووە و لە کوردستان بانگەشەی بۆ دەکەن.

لە بەرامبەر ڕاگەیەندراوی ئەو فراکسیۆنە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی ئایینی لە کوردستان بە تایبەت لە شاری مەهاباد لە پەیامێکدا ڕایانگەیاندووە: '' کە ئێمە وەکوو ئەهلی سوننە دژی ئەو هەڵوێستە خیانەتکارانەی ئەو بەکرێگیراوانە هەڵوێست دەگرین و بە ''جەلال مەحمودزادە'' دەڵێن کە ئێوە و دەورووبەرییەکانت لەو فراکسیۆنەدا هیچ پێوندییەکتان بە ئەهلی سوننە و خەڵکی کوردستان نییە و خەڵک بە هیچ شێوەیەک گۆێڕایەڵی ئێوە نین''.

مامۆستایان ئایینی لەو پەیامەدا وتوویانە: ''زۆر باش ئاگادارین کە ڕێژیمی ئێران هیچ بایەخێک بۆ دەنگی خەڵک دانانێت و ئەو هەڵبژاردنە تەنیا شانۆیەکی فاشیستیی ئاخوندیی ویلایەتی موتڵەقەی فەقیهە''.

مامۆستایانی ئایینی ڕوو لە ''جەلال مەحموودزادە'' وتوویانە: ''هەر وەکو جەنابت بە ۵ هەزار دەنگ، ژمارەی دەنگەکانت بۆ ۱۹ هەزار دەنگ بەرز کرایەوە و بووی بەناو نۆینەری مەجلیس، دەزانیین کە هەڵبژاردن شانۆیەکە و قارەمانی چێرۆکەکە لەمێژە لە ژووری ڕێژیم هەڵبژێردراوە و خەڵکیش بە دەنگی نا و بایکۆتی هەڵبژاردن بە ''جەلال مەحمودزادە'' و ڕێژیمی ئاخوندی دەیسلمێنن کە گەیشتوونە ئاستی بەرزی سیاسی''.