کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی دەسبەسەرکراوی شاری سەقز مانیان لە خواردن گرت

11:21 - 30 جۆزەردان 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٩ی جۆزەردانی ١٤٠١ی هەتاوی، دە کەس لە مامۆستایانی شاری سەقز هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانیان لەبابەت چوارەمین کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان، مانیان لە خواردن گرت.

ئەو مامۆستایانە لەبابەت دەسبەسەریی نایاسایی مامۆستایان و بەدواداچوون بۆ داخوازییەکانی ئەو چینەی کۆمەڵگە، مانیان لە خواردن گرتووە.

"خالید عەبدوڵڵاهی، سلێمان عەبدی، ئەحمەد قادری، ئامانج ئەمینی، زاهید مورادی، ئیسماعیل ڕەیحانی، حیسام خاکپوور، تاهیر حامدی، موحسێن شکووهی و حەسەن ڕەحیمیان" لەو مامۆستایانەن کە لە ڕۆژانی ٢٥ تا ٢٧ی جۆزەردان لە شاری سەقز لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراون.

 بەپێی ڕاپۆرتی شورای هاوئاهەنگیی ڕێکخراوە سێنفییەکانی مامۆستایان لە ڕۆژەکانی ٢٥ تا ٢٨ی جۆزەردان، لانیکەم ٥٥ مامۆستا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.

لە دوای دەسپێکردنی دەوری نوێی ناڕەزایەتییەکان لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە هەتا ئێستا، ١٥٢ مامۆستا لە شارە جیاوازەکانی کوردستان و ئێران دەسبەسەر کراون.

مامۆستایان لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا بەرەوڕووی ئەشکەنجە و ئازاری زۆر بوونەتەوە و سووکایەتیی زۆریان پێ کراوە.

دەزگای بەناو دادوەریی ڕێژیم لەو ماوەیەدا مامۆستایانی بە پەیوەندی و هاوکاری لەگەڵ حیزبەکانی دژبەری ڕێژیمی ئێران و چەندین کەیسی دیکە تۆمەتبار کردووە.