کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سنە بەبۆنەی سێ شەهیدی ژینگەپارێز پەیامێکیان بڵاو کردەوە

13:45 - 12 پووشپەڕ 2720

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی سنە بەنیسبەت شەهیدکرانی سێ شەهیدی ژینگەپارێز، لە پەیامێکدا وتوویانە، سوێند دەخۆین کە ڕێگای ئەم شەهیدە پایەبەرزانە درێژە پێ بدەین و بەرەیەک پەروەردە دەکەین کە لە خاکی کوردستان پارێزگاری بکەن و لە بەرامبەر داگیرکەرانی ئەم نیشتمانە سەر دانەنوێنن.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

لەدایکبوونی بەرەیەکی نوێ لە ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە کە تەنانەت بۆ پاراستنی هەوای خاوێن ئامادەن گیانی خۆیان فیدا بکەن لە خەڵکی بەشەرەفی کوردستان پیرۆزبایی دەڵێین.

کوردستانێک کە ڕۆڵەکانی بۆ پاراستنی دارستانەکانی گیان بەخت دەکەن، داهاتوویەکی ڕووناکی هەیە و شەهیدبوونی ئەم کەسە پایەبەرزانە نیشاندەری ئەوەیە کە لە بیری نەکەن کە فیداکاریی ئەم قارەمانانە بۆ پاراستنی دارستانەکانی نیشتمان، پەیامێکە بۆ دەسەڵاتداران کە درێژە بە تاڵانکردنی سەرچاوەکانی دەدەن، تێبگەن کە لەم نیشتمانەدا ڕۆڵەگەلێک لەدایک بوون کە تەنانەت لە تاقەدارێکی ئەو خاکە بەرگری دەکەن.

کاک ''موختار، بیلال و یاسین'' بە دەستی بەتاڵ بەرەنگاری ئاگر بوونەوە و گیانی پاکی خۆیان پێشکەشی ئەم خاکە پیرۆزە کرد، هەتا دوژمنانی نەتەوەی کورد بزانن کە ئەم خاکە هەمیشە کەسانێکی هەیە کە لە سەرمایەکانی کوردستان بەرگری دەکەن و لە جینایەتەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هیچ باکێکیان نییە و بە زوویی داگیرکەرانی ئەم خاکە پیرۆزە وەدەر دەنێن.

ئێمە کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سنە سوێند دەخۆین کە ڕێگای ئەم شەهیدە پایەبەرزانە درێژە پێ بدەین و بەرەیەک پەروەردە دەکەین کە لە بست بە بستی ئەم خاکە پارێزگاری بکەن و لە بەرامبەر داگیرکەرانی ئەم نیشتمانە سەر دانەنوێنن و لەمبۆزیان تێک بشکێنن.

کۆمەڵێک لە مامۆستایانی شاری سنە