کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە میلیشیا حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران کوژران

13:15 - 19 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: لە ئاکامی هێرشێکی تری هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بۆ سەر مۆڵگەکانی میلیشیا حووسییەکان و سپای تێرۆریستی پاسداران لە یەمەن، ژمارەیەک لە تیرۆریستانی سەربە ڕێژیمی ئێران کوژران.

بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی وڵاتی یەمەن، ڕۆژی شەممە، ١٨ی جۆزەردان، فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی هاوپەیمانەتیی عەرەبی جارێکی تر هێرشیان کردووەتەوە سەر مۆڵگە و حەشارگە هاوبەشەکانی میلیشیا چەکدارە تێرۆریستییەکانی لقی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران و میلیشیا  حووسییەکانی سەربە ڕێژیمی ئێران، کە لە ئاکامدا ١٧ تێرۆریست کوژراون و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوونە.

هاوکات، بەشێکی تر لە فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی هاوپەیمانیی عەرەبی، ناوەندێکی ڕاهێنان و فێرگەی میلیشیا حووسییەکان لە پارێزگای "عەبەس"، کە لە لایەن فەرماندەکانی سپای تێرۆریستی پاسدارانەوە مەشق و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت، کراوەتە ئامانج و کۆمەڵێکی تر لە ئەندامانی سپای تێرۆریستی پاسداران و حووسییەکان کوژراون و بریندار بوونە.

لە ئاکامی ئەو دوو هێرشەدا، کۆمەڵێک لە فەرماندەکانی میلیشیا و هێزە تێرۆریستییەکانی ڕێژیمی ئێران کوژراون، کە تەنیا ناوی سێ کەسیان بڵاو کراوەتەوە و برتین: "محەممەدحوسێن مەقبوول، ئەبووئەحمەد ئەلغەیل و قازی عادڵ ئەلقاسمی"، بەڵام ئاماژە بە ناوی کوژراوەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران نەکراوە.

لە سەرەتای ساڵی نوێی زایینییەوە، هێزەکانی هاوپەیمانەتیی عەرەبی بەردەەوام بە چڕی هێرشیان کردووەتە سەر مۆڵگە و حەشارگە هاوبەشەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران و میلیشیا حووسییەکانی یەمەن و ڕێژەیەکی زۆر بەرچاو لە تێرۆریستانی هەر دوولا کوژراون، بەڵام تاکوو ئێستا ڕێژیمی ئێران هیچ ئاماژەیەکی بە کوژراوەکانی خۆی نەکردووە.