کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و شاخەوانی لە مەهاباد بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران

19:06 - 1 جۆزەردان 2722

بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیم لە شاری مەهاباد چەندین چالاکوانی مەدەنی و شاخەوانیی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە کردووە و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کردوون.

بە دوای سەفەری "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم بۆ پارێزگای ورمێ و بەتایبەت شاری مەهاباد، کە خەڵکی شار پێشوازییان لە هاتنی ڕەئیسی نەکرد و ئەو ڕۆژە لە ماڵەکانیاندا مانەوە، بەو هۆیەوە ڕێژیم لە ڕۆژانی دواتردا دەستی کرد بە بانگهێشتی کۆمەڵێک لە چالاکوانانی مەدەنی و شاخەوانیی مەهاباد و لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێ کردن.

سەرکوتکارانی ڕێژیم هەڕەشەیان لەو چالاکوانانە کردبوو کە لە لاپەڕەی خۆیان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستە ئاڵای ڕێژیمی ئیسلامی یان وێنەی پاسداری تێرۆریست "قاسم سلێمانی" دابنێن و نابێ بیسڕنەوە و لە ئەگەری سەرپێچیکردندا بەرەوڕووی دادگا و لێپێچینەوەی بەناو یاسایی دەبنەوە.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم سەردانی پارێزگای ورمێی کرد و لەلایەن خەڵکەوە هیچ پێشوازییەکی لێ نەکرا و تەنیا بەرەوڕووی گلەیی و گازندەی خەڵکی ناڕازی بووەوە.