کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە کارناسانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە سەرکوتکردنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران نیگرانییان دەربڕی

11:39 - 26 جۆزەردان 2722

کارناسانی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی جۆزەردان، نیگەرانیی جیددیی خۆیان لە بابەت سەرکوتکردنی توندوتیژانەی کۆمەڵگەی مەدەنی لە ئێران، یەک لەوان ئەندامانی یەکیەتیی پیشەیی کرێکاران و مامۆستایان، دەربڕی.

ئەو کارناسانە داوای وڵامدانەوەی هۆکارانی بەکارهێنانی هێزی سەرکوتکەر لە ڕێگای لێکۆڵینەوەیەکی گشتگیر و سەربەخۆ بوونە.

لە بەیاننامەی ئەو گرووپە ١١ کەسە، یەک لەوان ''جاوید ڕەحمان'' ڕیپۆرتێری تایبەتی ماڤی مرۆڤ لە کاروباری ئێران، هاتووە: ''ئێمە لە بەربڵاوبوونی دەسبەسەرکردنە سەرەڕۆیەکانی مامۆستایان، چالاکانی کرێکاری و ڕێبەرانی یەکیەتییەکان، پارێزەران، چالاکانی مافی مرۆڤ و چالاکانی دیکەی مەدەنی نیگەرانین''.

کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشێکی دیکەی بیاننامەی خۆیان جەختیان کردووە، لەوەیکە یەکەم وەڵامی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە داواکارییەکانی خەڵک، سەرکوتی توندوتیژانەیە، بە توندی نیگەرانن.

''جاوید ڕەحمان'' و هاوکارەکانی لەو بەیاننامەیەدا باسیان لەوە کردووەتەوە کە سەرکوتکردنی ناڕازییان لە ئێران لە دۆخێکدایە کە ئێران لەگەڵ دۆخێکی زۆر وێرانی ئابووری بەرەوڕووە، هەتا ئەو جێگایە کە خودی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دانیان پێدا ناوە.