کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک لە کۆماریخوازانی ئامریکا داوایان لە "بایدن" کردووە وتووێژە نهێنییەکان لەگەڵ ئێران ڕابگرێت

12:48 - 8 بانەمەڕ 2722

کۆمەڵێک لە ئەندامانی کۆماریخوازی مەجلیسی ئامریکا لە نامەیەکدا بۆ کۆشکی سپی داوایان لە دەوڵەتی ''جۆ بایدن'' کردووە کە وتووێژە نهێنییەکان لەگەڵ ئێران ڕابگرێت و بۆ خەڵکی ئامریکا لەبارەی بابەتە کێشە لەسەرەکان لەو وتووێژانەدا ڕوونکردنەوە بدات.

لە نامەی ئەندامانی کۆماریخوازی کۆمیتەکانی کاروباری دەرەوە بۆ دەوڵەتی بایدن هاتووە: ''داوا لە ئێوە دەکەین کە پێش لە ڕێککەوتن یان شکست لە وتووێژەکان، بەخێرایی لە بەرامبەر کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆنگرە لە بابەت وتووێژەکان لەگەڵ ئێران شایەتی بدات".

ئەو نامەیە داوای لە دەوڵەتی بایدن کردووە کە ڕوونی بکاتە چ جێگرەوەیەکی بۆ بەرجام هەیە و چۆن دەیهەوێت لەگەڵ کۆمەڵێکی بەربڵاو لە هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران، یەک لەوان بەرنامەی ناوکی و بەرنامەی دڕۆنەکانی ئەو ڕێژیمە و هەروەها بە بارمتەگرتنی شارۆمەندانی ئامریکایی بەرەوڕوو بێتەوە.

هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە: ''نهێنیبوونی کەشی وتووێژەکانی ڤییەن و داواکاریی ئێران بۆ لابردنی گەمارۆکان و وەرگرتنی میلیاردها دۆلار کە خەرجی بەرنامە تێرۆریستییەکان لە ناوچەکە دەکرێت، قەبووڵ ناکرێت و ئەو نیگەرانییەی پێک هێناوە کە دەوڵەتی بایدن دەیهەوێت ڕێککەوتنێکی لاوازتر لە ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٥ واژۆ بکات.