کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک مامۆستا لە شاری سنە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کران

11:56 - 16 جۆزەردان 2722

بە دوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان و هاتنە سەر شەقامی مامۆستایان لە شاری سنە، کۆمەڵێک مامۆستا لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات بە چڕی بە دوای ئەو مامۆستایانەدا دەگەڕێن کە بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکاندا کردووە.

مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعات هەروەها هەڕەشەیان لە مامۆستایان کردووە کە هاتنە سەر شەقام هێڵی سوورە و ئەگەر دووپاتی بکەنەوە، هێزەکانی "یەگانی تایبەت" بە توندی بەرەوڕوویان دەبنەوە.

ئەوان هەروەها داوایان لە مامۆستایان کردووە کە دەبێ شایەدی لەسەر مامۆستایانی بەندکراو بدەن؛ لەسەر ئەوەی کە ئەوان دژی ئینقلاب و سەر بە لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنن.

ڕێژیم لە یەکگرتوویی مامۆستایان وەترس کەوتووە و بە مامۆستایانیان وتووە کە کاتێک مامۆستایەک دەسبەسەر دەکرێت، مامۆستایانی دیکە مافی ئەوەیان نییە بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو مامۆستایانە بکەن.

دۆخی مامۆستایانی بەندکراو لە ئێستادا باش نییە و لە ڕێگای ئەشکەنجە و ئازارەوە ڕەنگە دانپێدانانی درۆیینەیان لێ وەربگیرێت.

ناڕەزایەتیی مامۆستایان تا ئێستا زۆر پەرەی سەندووە و ترسی ئەوە کەوتووەتە سەر ڕێژیم کە هەموو چین و توێژەکانی دیکە پەیوەستی ئەو ناڕەزایەتییانه ببن.

ڕێژیم لە ئێستادا بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیی مامۆستایان لە هەموو جۆرە ڕێگایەک وەکوو هەڕەشە، ئەشکەنجە، دەسبەسەرکردن و تەماحوەبەرنان کەڵک وەردەگرێت.