کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک هاووڵاتیی "بەهایی" دانیشتووی شاری شیراز، سەرجەم ٨٥ سال زیندانییان بەسەردا سەپا

13:04 - 23 جۆزەردان 2722

٢٦ هاووڵاتیی "بەهایی" دانیشتووی شاری شیراز بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی" بە دژی ڕێژیمی ئێران سەرجەم ٨٥ ساڵ حوکمیان بەسەردا سەپا.

ئەو هاووڵاتییانە وێڕای داسەپاندنی حوکمی زیندانی، بەرەوڕووی "دوورخستنەوە، ڕاگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران" کراونەتەوە.

ئەو دۆسیەیە کە لە دادگای شیراز کراوەتەوە، لە ساڵی ٩٥ی هەتاوییەوە تا ئێستا درێژەی هەیە.

کۆمەڵگەی جیهانیی بەهاییەکان چەندین جار ڕایگەیاندووە کە بە ناڕەوا تۆمەت دەدرێتە پاڵ هاووڵاتییانی بەهایی و تەنیا ئامانج لەو هەوڵانە ڕێگریکردن لە چالاکییە مەزهەبییەکانی پێڕەوانی ئەو ئایینەیە.

لەنێو ئەو هاوڵاتییانەدا کۆمەڵێک ژن بوونیان هەیە کە پێنج کەسیان بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران و ڕاگرتنی پاسپۆرت و ٩ ژنی دیکە هەر کام بە دوو ساڵ زیندان، ڕاگرتنی پاسپۆرت و قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران مەحکووم کراون.

هەروەها ٥ پیاو هەر کام بە ٥ ساڵ زیندان و دوو ساڵ دوورخستنەوە بۆ شارە جیاوازەکانی ئێران و خۆناساندنی ڕۆژانە بە ئیدارەی ئیتلاعاتی پارێزگا و باقیی هاووڵاتییانی دیکە دوو ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ ناوچە جیاوازەکانی ئێران، قەدەغەی چوونەدەرەوە لە ئێران و ڕاگرتنی پاسپۆرتیان بەسەردا سەپاوە.

 ئەو حوکمانە ڕێکەوتی ١٨ی جۆزەردان بە پارێزەری ئەو هاووڵاتییانە ڕاگەیەندرابوو.

دەوترێت کە "یەکتا فەهەندژ سەعدی" بەر لەوە دوو جاری دیکە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شیراز دەسبەسەر و تۆمەتبار کرابوو. ئەو حوکمەی ئێستا لە حاڵێکدا بەسەر ئەو هاووڵاتییەدا سەپاوە کە ناوبراو لە هەر دوو دۆسیەی پێشوودا بێتاوان ناسرابوو.

دادگاییکردنی ئەو هاووڵاتییانە ڕۆژی ٢٨ی بانەمەڕی ئەمساڵ لە حاڵێکدا بەڕێوە چوو کە دادوەری دۆسیەکە لە شەش ساڵی ڕابردوودا چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئەو دۆسیەیە نوقسانی تێدا هەیە.

ڕێژیمی ئێران ئایینی "بەهایی" بە فەرمی ناناسێت و دەیان ساڵە کە پێڕەوانی ئەو ئایینە لەگەل گوشاری زۆر بەرەوڕوون.