کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک پاڕێزەری دادگا لە ئێراندا، خوازیاری ئازادکردنی هاوکارەکانیانن

11:42 - 5 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: کۆمەڵێک لە پارێزەرانی دادگا لە ئێراندا، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پاڕێزەرانی مەترسی لەسەر، لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا خوازیاری ئازادکردنی پارێزەرانی دەسبەسەرکراو بوون.

لەم نامەیەدا کە ڕوو لە سادق ئامولیی لاریجانی، سەرۆکی دەزگای قەزاییی ڕێژیم بووە، بە ئاماژەکردن بە گوشارە قەزایی و ئەمنییەتییەکان سەر پارێزەرانی ئێران، خوازیاری ئازادکردنی پارێزەران: "نەسرین ستوودە، محەممەد نەجەفی، مستەفا دانشجوو، ئەمیرسالار داودی، مەسعوود شەمس‌نژاد و فەرهاد محەممەدی" بوون.

ئەم نامەیە کە لە لایەن ٤١ پارێزەرەوە واژۆ کراوە، تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کراوە: "هەر جۆرە هەڵاواردن، سنووردارکردن و هەڕەشە لە پارێزەران بەپێچەوانەی یاسایە و دیاردەی دادگاییکردنی نادادپەروەرانە، بەدوور لە ویژدان و بێلایەنانەی لێ دەکەوێتەوە".

جیا لەوەی بەشێک لە پارێزەران لە چەند ساڵی دواییدا لە زیندان بوون، بەشێکی زۆریشیان لە ناوەندە قەزایییەکانی ڕێژیم دۆسیەی کراوەیان هەیە، کە قاسم شوعلەسەعدی و ئارش کەیخوسرەی لەم دواییانەدا بە بارمتەی قورس لە زیندان ئازاد کران و پارێزەرانێکیش وەکوو حوسێن ئەحمەدی‌نیاز، پەیام درەفشان، مەهدی هووشمەندڕەحیمی، هودا عەمید، فەرۆخ فرووزان، حەسەن حەسەنپوور و مستەفا تورک‌هەمەدانیش دۆسیەی داخراویان هەیە.

ئەم پارێزەرانە بە ئاماژە بە پەسەندکردنی تێبینییی مادەی ٤٨ی یاسای ئایینی دادڕەسیی کەیفەری، نووسیویانە: ئەم تێبینییە بەکردەوە هەڵاواردن و نایەکسانی لە نێو پارێزەرانی دادگا پێک دێنێت و بەم بۆنەوە شایەتی هاتنە ئارای پارێزەری خۆی و نامۆ دەبین.

بە وتەی ئەم پارێزەرانە ئەم دەستەبەندییە نادادپەروەرانەیە بە شێوەیەک بووە، کە زۆربەی تۆمەتبارانی سیاسی و ئەمنییەتی لە مافی مرۆیی. شەرعی و یاساییی هەبوونی پارێزەری سەربەخۆ و بەشەرەف بێبەش ببن و ئەم کارە سەرهەڵدانی زوڵمکردن لە تۆمەتبارانی لێ دەکەوێتەوە.