کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵێک گۆڕی مێژوویی لە شاری مەهاباد هەڕەشەی لەنێوچوونیان لەسەرە

13:42 - 26 پووشپەڕ 2722

گۆڕی مێژوویی میرزا "فەتاح قازی" و کۆمەڵێکی دیکە لە مزگەوتی "شادەروێش" لە مەهاباد بەهۆی ئەوەیکە لە دەوروبەری ئەوان ماڵ و خانوو دروست دەکرێت خەریکە لەنێو دەچن.

لە چوار ساڵ لەمەو بەرەوە دروستکردنی خانوو لە دەوروبەری ئەو گۆڕانە قەدەغە کرابوو بەڵام لەبەر ئەوەی ئێستا چاوەدێری لایەنی پەیوەندیداری بەسەرەوە نەماوە دەسکاریی شوێنەکە دەکرێت.

ئەو گۆڕانە پێشینەیان بۆ سەردەمی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە و ساڵی ١٣٨٥ی هەتاوی وەکوو ئاسەواری مێژوویی تۆمار کران و بڕیار درابوو کە لە دەوروبەری ئەو گۆڕانە هیچ خانوویەک دروست نەکرێت.

ساڵی ٩٧ی هەتاوی مەلایەک بە نێوی "لوقمان ڕەهڕەو" ناسراو بە مەلا "کەجڕەو" کۆمەڵێک داری ئەو حەوزخانەیە و تەنیشتی گۆڕەکانی بڕییەوە و ویستبووی لە زەوییەکە بۆ دروستکردنی ماڵ و خانوو کەڵک وەربگرێت.

ساڵی ٩٩ی هەتاوی بە بەدواداچوونی هەندێک لایەنی پەیوەندیدار ڕەوتی دروستکردنی خانوو لە تەنیشت ئەو گۆڕانە ڕاگیرا بەڵام لە ئێستادا دیسان ئەو مەلایە دەستی کردووەتەوە بە دروستکردنی ماڵ و خانوو.

دروستکردنی خانوو لە تەنیشت ئەو گۆڕە مێژووییانە بووەتە هەڕەشە بۆ سەر ئەو گۆڕانە و نیگەرانی خەڵکی "مەهاباد"ی لێکەوتووەتەوە.