کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆ حیزبی دێموکرات نارد

18:28 - 20 گەلاوێژ 2720

لە درێژەی پیرۆزبایی حیزب و لایەنە کوردستانی و ئێرانییەکان بەبۆنەی ٧٥ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان پەیامێکی پیرۆزبایی بۆحیزبی دێموکرات نارد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێزان ئەندامانی سەرکردایەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەگەڵ سڵاو و ڕێز؛

٧٥مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە ئێوە و هەموو تێکۆشەرانی حیزبە تێکۆشەرەکەتان پیرۆزبایی دەکەین، دروستکردنی حیزبی دێموکرات لە ڕاستیدا سەرەتای مۆدێڕنـبوونەوەی خەباتی نەتەوەییە لە بزووتنەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ئەو حیزبە بە درێژایی تەمەنی بە دژی زوڵم و زۆری سەر گەلی کورد وەستاوە و قوربانیی داوە و شوێن پەنجەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان دیارە.

هیوادارین لە یادی ٧٥ ساڵەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی یەکڕیزیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و بۆ بەهێزکردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی نەتەوەیی چڕتر بکرێتەوە. بە پێویستی دەزانین لەو یادەدا سڵاو بنێرین بۆ گیانی پاکی هەموو ئەوانەی لە ڕیزەکانی ئەو حیزبەدا گیانیان بەخت کردوە و سەری ڕێز بۆ بنەماڵەی و کەسوکاریان دانوێنین.

هەروەها بۆ جارێکی دیکە جەخت لە پێوەندیی دۆستانە و کاری هاوبەشی خۆمان لەگەڵ ئێوە دەکەینەوە، لامانوایە پێویستە ئەو هاوکاری و دۆستایەتییە لەگەڵ یەکتر و دیکەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان پەرەی زۆرتری پێبدرێ.

دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

٣ی ئاگۆستی ٢٠٢٠ زایینی

١٣ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی کۆچی