کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"کۆمەڵەی کوردستانی سەوز" ناڕەزایەتییان بە ئاوگیریی بەنداوی "ژاوە" دەربڕی

17:04 - 22 بەفرانبار 2720

بڕیارە بەنداوی "ژاوە" لە ٢٥ی بەفرانبار ئاوگیریی بکرێت و ئەوەش کارەساتێکی ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە؛ لەم پێوەندییەدا "کۆمەڵەی کوردستانی سەوز" ناڕەزایەتییان بە نەپاڵاوتنی ئەو زێراوانەی دەڕژێنە ناو ئەو بەنداوە دەربڕیوە .

هاووڵاتییان دەڵێن ئاوەڕۆ و زێراوەکانی زیاتر لە ٨٠ گوندی دەوروبەری دوو ڕووباری "قشڵاق و گاوەرۆ" بە بێ پاڵاوتن دەڕژێنە نێو بەنداوی" ژاوە" ئەوەش دەبێتە هۆی پێسبوونی ئەو بەنداوە و لە ئاکامدا بۆنی پیسی بەنداوەکە کێشە بۆ ژینگە و خەڵک دروست دەکات.

ڕژانی زێراوی گوندەکان بۆ نێو بەنداوی " ژاوە" مەترسیی بۆ سەر گیانلەبەرانی ئاوژی دروست دەکات.

ئەنجومەنی "کۆمەڵەی کوردستانی سەوز" ناڕەزایەتیی خۆیان لەگەڵ ئاوگیریی ئەو بەنداوە دەربڕیوە و لە بەیانییەیەکەدا بڵاویان کردووەتەوە ئەگەر چۆڕاوەی زبڵی ماڵەکان، نەخۆشخانە و کارخانەکان بێ پاڵاوتن بڕژێنە نێو ئەو بەنداوە، کارەساتێکی ژینگەیی لێدەکەوێتەوە.

لە ئێستاشدا کە بەشێکی زۆر لە وەرزێڕان و باخداران بۆ ئاودانی زەوی و زارەکانیان کەڵک لەو زێراوانە کە دەڕژێنە ناو بەنداوەکە بۆ بەرهەمەکانیان کەڵکی لێوەر دەگرن؛ دەبنە هۆکاری ژەهراویبوونی بەرهەمەکان.

هاووڵاتییان دەڵێن ئەگەر ئەو بەنداوە ئاوگیری بکرێت بەهۆی گلدانەوەی ئاوەکە ئەو بەنداوە دەبێتە سەرچاوەی بۆنی پیس و گوندەکانی دورووبەری ئەو بەنداوە دەبێ چۆڵ بکرێن.