کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسولخانەی ئێران لە نەجەف جارێکی تر ئاگری تێبەردرا

13:01 - 11 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: خۆپیشاندەرانی عێراقی بۆ جاری دووەم لە حەوتووی ڕابردوودا، هێرشیان کردە سەر کۆنسولخانەی ئێران لە نەجەف و ئاگریان تێبەردا.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، ١٠ی سەرماوەز، هەواڵی ئاگرتێبەردانی کۆنسولخانەی ئێرانیان لە نەجەفدا بڵاو کردەوە.

هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای تێرۆریستی پاسدارانیش بە وتەی سەرچاوە عێراقییەکان، ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئاگرتێبەردانی ئەو کۆنسولخانەیە لە ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی سەرماوەز، هێزە ئەمنییەکان ٢٤ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ پێکا.

سەرەڕای دەست لە کار کێشانەوەی "عادل عەبدولمەهدی"، سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەمە دووەمین جارە کە خۆپیشاندەران ئەو کۆنسولخانەیە ئاگر تێبەردەدەن.

لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندەران بەرانبەر بە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتەدا ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئێران داوای لە عێراق کردووە کە بە شێوەی جیددی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران ببنەوە.

خۆپیشاندەرانی عێراقی پێشتریش هێرشیان کردبووە سەر کۆنسولخانەی ئێران لە کەربەلا.

لە حاڵێکدا کە خۆپیشاندەران بەرانبەر بە بارودۆخی نالەباری ئابووری، بێکاری و نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران ئەو خۆپیشاندانانەی بە "پیلانی دەرەکی" ناو لێ بردووە.