کوردستان میدیا: كۆنسولگەریی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە هەرێمی کوردستان داوای لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان كردووە سكاڵای یاسایی لە دژی ئەمریكا تۆماربکەن.
ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی٢٠ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، "سەعدوڵڵا مەسعودیان" سەركۆنسولی گشتیی ڕێژیمی ئێران لە شاری سلێمانی لە میانەی بەشداریكردنی لە كۆنگرەی نێودەوڵەتیی زانكۆی پۆلیتكنیكی سلێمانی، زانكۆی سلێمانی و زانكۆی كوردستان لە سنەدا، دانی بەوە دانا کە گەمارۆی ئابووری سەر ئێران، بووەتە هۆی وەستانی كار و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی كوردستانیش.
ئەو کاربەدەستەی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان و هەروەها کەمکردنەوەی گوشارەکان داوای له ڕێكخراوەكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان كرد سكاڵای یاسایی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، دژی بڕیاری سزای ئامریكا تۆمار بكەن، چونكە بووەتە هۆی ئەوەی جووڵەی بازرگانی و ئابووری لە هەرێمی كوردستانیش ڕابوەستێت.
ئەو لێدوانەی کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ئیددعای ئەوە دەکەن گەمارۆکان دەکەینە دەرفەت، گەمارۆکان بەرەکەتە بۆ ئێمە و قسە و دروشمی لەم چەشنه.
سزا ئابوورییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وای کردووە، فرۆشی نەوت لە بازاڕی بورسی ئێراندا ڕابوەستێت.
بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە ئومیدی ئەوەیکە بتوانن دژی گەمارۆ ئابوورییەکان بوەستنەوە، فرۆشی نەوتیان لە بورسدا جێبەجێ کرد بەڵام ئەو بەرنامەیە ئێستا شکستی خواردووە.