کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنسوولگەریی ئێران لە ئیستانبووڵ بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکات

13:07 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: کۆنسولگەریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتی تورکیە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکات.

بەپێی زانیاریی سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تورکیە، کە لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان میدیا پێوەندی هەیە باسی لەوە کرد، کونسوولگەریی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری ئیستانبووڵ بووەتە ناوەندێک بۆ کاری نایاسایی و بە پارەیەکی زۆر کارئاسانی بۆ ئەو کەسانە دەکات کە لە ئێرانەوە قاچاخ بوونه و ڕوویان لە تورکیه کردووە.

 ئەو سەرچاوەیە ئاشکراشی کرد، بە هۆی بارودۆخی خراپی ئابووریی کە لە ئێران خولقاوە، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە تورکیه کردووە و بە تەمای چوونە ئوورووپان، یان ئەو کەسانەی کە لە ئێران بە هۆی جۆراوجۆرەوە قاچاخ بوونه و لە شارەکانی تورکیه گیرساونەتەوە، کونسوولگەریی ئێران لە ئیستانبووڵ ئەم هەلەی قۆستووەتەوە و بە پارەیەکی زۆر بەڵگەنامەی ساختە بۆ ئەو خەڵکە ساز دەکات و بە نایاسایی کارەکانیان بۆ ڕایی دەکات.

"و.ڕ" بە ماڵپەڕی کوردستان میدیای ڕاگەیاند: "لەناو کونسوولگەریی ئێران لە ئیستانبووڵ تۆڕێکی ساختەکاری ساز کراوە و خەریکی ئەو کارانەن، چونکە زیاتر لە یەک میلیۆن هاووڵاتیی ئێرانی ئێستا لە ئیستانبووڵن و سەرگەردانن و ئەو تۆڕە ساختەکارییەش ئەم هەلەیان قۆستووەتەوە و دەستیان کردووە بە ڕووتاندنەوەی خەڵک و تەنانەت کارە یاساییەکانی تایبەت بە کونسووڵگەری بۆ خەڵک بە پارەیەکی زۆر ڕایی دەکات.

 "و.ڕ" کە خۆی پێشتر بە تیرۆرکردنی زانایەکی ئەتۆمی دەستگیر کرابوو، ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەو باند و تۆڕەی ناو کونسوولگەریی ئیران تەنانەت یارمەتی ئەو کەسانەش دەدەن کە لە ئیران تاوانی قورسیان ئەنجام داوە و کارئاسانیان بۆ دەکەن، کە دەربازی ئورووپا بێت و بۆ سەدان کەس بە پارەی زۆر کاریان ڕایی کردووە کە لە تورکیه نیشتەجێ بن، یان بە قاچاخ کەسە تاوانبارە ئێرانییەکان کە هەڵاتوونەتە تورکیه، لەوێوە ڕەوانەی وڵاتانی ئورووپایان دەکەن.

ناوی ئەو هەواڵنێرە لای ماڵپەڕی کوردستان میدیا (kurdistanmedia.com) پارێزراوە.