کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنفرانسێک لەسەر پرسی نەتەوەکانی ئێران لە پارلمانی سویس بەڕێوەچوو

17:03 - 15 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: کۆنفڕانسی پرسی نەتەوەکانی ئێران بە بەشداریی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە پارلمانی سویس بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ بە هاوکاریی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی سوێد، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ١٤ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، کۆنفڕانسێکی سەبارەت بە پرسی نەتەوەکانی ئێران بە گشتی و پاش هاتنە سەرکاری رۆحانی بەتایبەتی لە پارلمانی وڵاتی سویس لە شاری بێرن پێکهێنا.

لەو کۆنفڕانسەدا جگە لە چەندین کەسایەتیی سیاسیی کورد و سویسی، نوێنەرانی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە پارلمانتارانی سویسی و دۆستی کورد و هەروەها نوێنەرانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکانی ئێران بەشدار بوون.

سەرەتای ئەو کۆنفڕانسە بە قسەکانی \'\'کارلۆ سۆمارۆگا\'\' سەرۆکی کومیسیۆنی پێوەندییەکانی دەرەوەی وڵاتی سویس و \'\'خاتوو ئیڤۆن جیلی\'\' هاوسەرۆکی کۆمەڵەی پارلمانتارانی دۆستی کورد سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەیییەکانی ئێران و گرینگیی چارەسەریی ئەو گرفتانە دەستی پێ کرد.

دواتر \'\'تەیموور ئەلیاسی\'\' نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، وتارێکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران و بەتایبەت پاش هاتنە سەر کاری رۆحانی پێشکەش کرد.

زیادبوونی رێژەی ئیعدامەکان، کوشتنی سەرەڕۆیانەی کۆڵبەرانی کورد، درێژەی سیاسەتی هەڵاواردن و ستەم دژی گەلانی ئێران و جێبەجێ نەبوونی بەڵێنییەکانی رۆحانی، بەشێک لە وتارەکەی نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانی ئێران ــ ژنێڤ، لەو کۆنفڕانسەدا پێکهێنابوو.

پاشان مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتارێکی سەبارەت بە سیستەمی دەسەڵاتداریی رێژیمی ئیسلامیی ئێران کە لەسەر ئایدیۆلۆژیی ویلایەتی فەقیهـ و ئیسلامی شیعی دامەزراوە پێشکەش کرد.

هیجری لەو کۆنفڕانسەدا وتی: دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا لە دەستی رێبەر دایە و سەکۆمار بە تەنیا توانای پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی سەرەکیی بۆ چارەسەریی پرسی نەتەوەکانی ئێران نییە و تەنیا لە ژێر فشاردا دەتوانرێ چاوەڕوانی پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا بکرێت و فشار و گەمارۆ ئابوورییەکانی لە پێوەندی لەگەڵ وزەی ناوەکی وەک نموونەیەک لەو فشارانەیە.

هیجری لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە وڵاتی سویس کرد که دەستپێشخەری گرتنی کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لەسەر پرسی نەتەوەکانی ئێران بکات، بەو پێیەی کە سویس‌هەتا ئێستا رۆڵێکی گرینگی‌لە چارەسەریی قەیرانە نێونەتەوەیییەکاندا گێڕاوە.

\'\'رافایل شەنوی ــ هەزان\'\' سەرۆکی رێکخراوی \'\'پێکەوه ‌لە دژی سزای لە سێدارەدان\'\' کە گەورەترین رێکخراوی دژ بە سزای لە سێدارەدانە، نیگەرانی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ سزای لە سێدارەدان لە ئێران و بەتایبەت لە دژی  ئەندامانی سەر بە نەتەوەکانی کورد، بەلووچ و عەرەب دەربڕی و بێدەنگی وڵاتانی رۆژئاوایی لەو پێوەندییەدا مەحکووم کرد.

ناسر بۆلیدەیی نوێنەری \'\'حیزبی گەلی بەلووچستان\'\' و دوکتور کەریم عەبدیان، سەرۆکی \'\'رێکخراوی مافی مرۆڤی عەرەبەکانی ئەهواز\'\' وتاریان پێشکەش کرد و لە وتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر پرسی گەلی بەلووچ و هەروەها پرسی عەرەبەکانی ئەهواز و سەرنجی بەشداربوانیان بۆسەر سیاسەتی سەرکوت و هەڵاواردنی ئابووری، کولتووری، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی و سیاسی راکێشا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە دژ بە گەلەکەیان بە شێوەیەکی سیستماتیک بەڕێوە دەچێ.

دیان عەلائی، نوێنەری \'\'رێکخراوی نێونەتەیی بەهایییەکان\'\' باسی بە رەسمییەت نەناسینی ئایینی بەهایی لە ئێران و بێبەشکردنی خوێندکاران و منداڵانی بەهایی لە خوێندنی باڵا و هەروەها گرتن و بەندکردنیان بە بیانووی بەهایی بوون و سزای بەهایییەکان لە بەستنی دووکان و بازاڕەکان لە بۆنە ئایینییەکانی بەهایی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە کرد.